Erbil 31°C شەممە 12 تەمووز 04:02

سەرۆکی دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران هەڕەشە لە رافایل گرۆسی دەکات

کوردستان TV
100%

سەرۆکی دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران، رافایل گرۆسی بە "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" و "تێوەگلان لە پیلانگێڕی" لەسەر ئێران تۆمەتبار دەکات و دەڵیت؛ "لە کاتی خۆیدا وەڵاممان بۆت دەبێت".

رۆژی یەکشەممە 22ـی حوزەیران، محەمەد ئیسلامی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا تیشکی خستە سەر هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی و رایگەیاند؛ هیچ ئالودەبوونێکی تیشکی لە بنکە ئەتۆمییەکان رووی نەداوە.

محەمەد ئیسلامی ئاماژەی بە دوو نامە دا کە بۆ رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ناردووە و گوتی؛ "رافایل گرۆسی دەستی هەیە لەو هێرشە قێزەونەی کرایە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران".

سەرۆکی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەڵیت؛ "لە کاتی خۆیدا و لە رێگەی دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە بەدواداچوون بۆ ئەو راپۆرتە هەڵبەستراوانە دەکەین کە لەلایەن سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بڵاوکراونەتەوە".

ئیسلامی تیمی چاودێریکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" تۆمەتبار دەکات و دەشڵێت؛ "چیتر ئەو ئاژانسە متمانەی نەماوە و ئێمە بە هیچ شێوەیەک هاوکارییەکانمان لەگەڵیان بەردەوام ناکەین.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هێرشیان بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمی ئێران کرد و سەرۆکی ئەمەریکاش رایگەیاند؛ "بە سەرکەوتوویی هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان کۆتایی پێ هێنا. ئێستا فڕۆکەکانمان ئاسمانی ئێرانیان جێهێشتووە و بۆمبەکانیان بە تەواوەتی هەڵڕشتووەتە سەر بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ و هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە ماڵەوە".

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.