Erbil 31°C سێشەممە 06 تشرینی یەکەم 09:20

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: داوا له‌ ئێران و ئیسرائیل ده‌كه‌م هه‌رچی زووه‌ شه‌ڕ بوه‌ستێنن

کوردستان TV
100%

به‌هۆی به‌رده‌وامی گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی شه‌ڕ له‌ نێوان ئێران و ئیسرائیل و له‌سه‌ر داوای ئێران ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیی كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی خۆی ئه‌نجامدا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش له‌ گوتارێكدا رایگەیاند: پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گه‌ر به‌ری پێنه‌گیرێت ئاگرێك داده‌گیرسێنێت دواتر کەس ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات.

ئه‌مڕۆهەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران له‌سه‌ر داوای ئێران بەڕێوە چوو، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نگ بوه‌ستێت و په‌نا بۆ رێگای دیالۆگ و دانوستان ببرێت له‌ نێوان ئیران و ئیسرائیلدا .

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ رایگه‌یاند: دەرئەنجامەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران باش نین و  پێشبینی نەکراون، چونكه‌ رۆژانه‌ ده‌بینین زۆر بە خێرایی پەرەدەسێنێت.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: نیگه‌رانین كه‌ یاساكانی جه‌نگ پێشێلكراون له‌ نێوان ئیسرائیل و ئیران و لە جەنگەکەدا چەندین کەسی مەدەنی لە هەردوو وڵات کوژراون، جگه‌ له‌وه‌ ده‌بینین له‌ هێرشه‌كاندا دامەزراوە مەدەنییەکان بە ئامانج ده‌گیرێن، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە و پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز هه‌ر له‌ میانی گوتاره‌كه‌یدا گوتی: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست له‌به‌رده‌م بڵێسه‌ی ئاگرێكی چاوه‌ڕوانكراو دایه‌ گه‌ر پێشی پێنه‌گیرێت کەس ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات، بۆیه‌ داوای لە ئیسرائیل و ئێران کرد هه‌رچی زووه‌ جەنگ رابگرن.

گۆتێرێز ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردی بناغەیە بۆ بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی له‌ ئیستای جیهاندا، ئێرانیش دەبێت ڕێزی لێ بگرێت، هەر چەندە ئێران چەندین جار ئاماژەی بەوە داوە، کە بە دوای بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نییە.  

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگه‌یاند: ئێستا کێشەی متمانە لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا هەیە، پێویستە بە جوڵه‌یه‌كی دیپلۆماسییەکی کاریگەر کێشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل چارە بکرێت.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.