Erbil 31°C سێشەممە 06 تشرینی یەکەم 14:46

سوپای ئیسرائیل: ئێران لە هێرشەکانیدا بۆمبی قەدەغەکراوی بەکار هێناوە

کوردستان TV
100%

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران لە هێرشی ڕۆژی 19ی حوزەیران بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل، لە جۆرێک مووشەکی هەڵگری بۆمبی هێشوویی کەڵکی وەرگرتووە و لە هێرشەکەیدا نەخۆشخانەیەکیشی بە ئامانج گرتووە.

ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی سوپای ئەم وڵاتە دەڵێ: سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ناوچەکانی ناوەندی ئیسرائیل لانیکەم مووشەکێکی هەڵگری بۆمبی هێشوویی بەکار هێناوە. فەرماندەی بەرگریی مەدەنیی سوپای ئیسرائیل لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە، کڵاوەی ئەم مووشەکە لە بەرزیی حەوت کیۆمەتریی سەر ڕووی زەوی تەقیوەتەوە و نزیک 20 بۆمبی بچووکتری تا تیرەی هەشت کیلۆمەتری بڵاو کردووەتەوە.
تەقەمەنیی هێشوویی چەکێکە کە بەر لەوەی بگاتە زەوی لە ئاسماندا دەکرێتەوە و ژمارەیەکی زۆر بۆمبی بچووکتر (کە پێیان دەوترێت "بۆمبلێت") لە ناوچەیەکی بەرفراواندا بڵاودەکاتەوە. ئەم چەکانە بەهۆی سروشتی نادەقیق و کاریگەرییە بەرفراوانەکەیانەوە، لە بنەڕەتدا بە چەکی کوێر دادەنرێن کە جیاوازی لە نێوان ئامانجی سەربازی و مەدەنی ناکەن.

 مەترسیی سەرەکیی ئەم بۆمبانە لە ڕێژەی بەرزی نەتەقینەوەی بۆمبلێتەکاندایە؛ زۆربەیان لە کاتی بەرکەوتندا ناتەقنەوە و وەک مینی زەمینی کار دەکەن. ئەم بۆمبلێتە نەتەقیوانە دەتوانن بۆ ساڵانێکی زۆر دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، وەک هەڕەشەیەکی کوشندە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، بەتایبەتی منداڵان کە ڕەنگە بە کەلوپەلی یارییان بزانن، بمێننەوە.

هەر بۆیە، "ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی تەقەمەنییە هێشووییەکان" (CCM)  کە لە ساڵی ٢٠٠٨ پەسەند کرا، بەکارهێنان، بەرهەمهێنان و کۆگاکردنی ئەم چەکانەی قەدەغە کردووە؛ هەرچەندە ئێران و ئیسرائیل هیچ کامیان ئەم پەیماننامەیەیان واژۆ نەکردووە.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.