لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل چوونەتە حەوتەمین ڕۆژی شەڕەوە و ئاسمانی هەردوو وڵات هێشتا داخراوە، وڵاتە جیاوازەکان ڕێوشوێنی بەرفراوانیان بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی خۆیان لە ئیسرائیل و ئێران گرتووەتەبەر.
هەفتەیەک هێرشی ئاسمانی و مووشەکیی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس، بە ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیشەوە، هەروەها زیانی بە بەشێک لە توانای ئەتۆمیی ئەم وڵاتە گەیاندووە.
لەبەرانبەردا، هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل، بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی لە خاکی ئیسرائیلدا.
هەر یەک لە وڵاتانی ئوستۆرالیا، بولگاریا، کۆماری چیک، پۆرتوگال، سلۆڤاکیا و نیوزیلەند ڕایانگەیاندووە باڵیۆزخانەکەیان لە پایتەختی ئێران دادەخەن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕۆژی هەینی 20ی حوزەیران، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە ڕێکار و هەنگاوەکانی وڵاتە جیاوازەکان بۆ ڕزگارکردن و دەرخستنەوەی هاووڵاتییانیان لە ناوچەی جەنگ کردووە.
ئوستۆرالیا
پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، ڕایگەیاند 1200 هاووڵاتیی ئوستۆرالیا داوای دەرچوون لە ئیسرائیلیان کردبوو، کە تا ئێستا بەشێکیان لە ڕێگەی وشکانییەوە گوازراونەتەوە. نزیکەی دوو هەزار هاووڵاتیی ئوستۆرالیاش لە ئێران ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی یارمەتی تۆمار کردووە. وەزیری دەرەوەی ئوستۆرالیا گوتیشی وڵاتەکەی تا کاتێکی نادیار باڵیۆزخانەکەی خۆی لە تاران دادەخات.
نەمسا
وەزارەتی دەرەوەی نەمسا ڕایگەیاند ٤٨ کەس لەو ٢٠٠ نەمساوییەی پەیوەندییان بە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە تەلئەبیب کردبوو، لە ئیسرائیل یان ئوردن دەرچوون.هەروەها نزیکەی ١٠٠ نەمساوی خوازیاری جێهێشتنی ئێرانن. تا ئێستا ٤٤ هاووڵاتیی نەمسا و وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا لە ئێرانەوە بۆ تورکیا و ئەرمینیا گوازراونەتەوە.
بولگاریا
حکومەتی بولگاریا ڕایگەیاند ١٧ دیپلۆماتکار و ئەندامانی خێزانەکانیانی لە ئێرانەوە بۆ کۆماری ئازەربایجان گواستووەتەوە و بڕیارە لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە بیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان. بەشی کارگێڕیی باڵیۆزخانەی بولگاریا لە تاران بە شێوەیەکی کاتی دەگوازرێتەوە بۆ باکۆ.
چین
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند وڵاتەکەی زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ هاووڵاتیی خۆی لە ئێران و سەدان کەسی دیکەی لە ئیسرائیل گواستووەتەوە. میدیاکانی حکومەت مەزەندەی ئەوە دەکەن چەند هەزار هاووڵاتیی چینی لە ئێران نیشتەجێن.
کۆماری چیک
یانا چێرنۆخۆڤا، وەزیری بەرگریی کۆماری چیک، وتی گەشتێکی ئاسمانی کە ٦٦ هاووڵاتیی لەخۆگرتبوو لە ئیسرائیل دەرچووە و لە نزیک پراگ نیشتووەتەوە. کۆماری چیک بڕیاریشی داوە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تاران بۆ ماوەیەکی نادیار دابخات.
فەڕەنسا
ژان-نوئل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ڕایگەیاند پاریس تا کۆتایی هەفتە، کاروانێکی وشکانی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی خۆی لە ئێرانەوە بۆ سنوورەکانی تورکیا یان ئەرمینیا، ڕێک دەخات.
گوتیشی، هاووڵاتییە فەڕەنسییەکانی نشتەجێی ئیسرائیل دەتوانن لە بەیانیی ڕۆژی هەینی، 20ی حوزەیرانەوە، بە پاس لە سنووری ئوردن بپەڕنەوە و لە شاری عەممانەوە بە گەشتێکی چارتەر بگەڕێنەوە فەرەنسا.
ئەڵمانیا
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند تا ئێستا ٣٤٥ هاووڵاتیی ئەو وڵاتە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرچوون. ئەو کەسانە بە گەشتی چارتەر بۆ ئەڵمانیا گوازراونەتەوە.
یۆنان
وەزارەتی دەرەوەی یۆنان ڕایگەیاند ١٦ هاووڵاتیی یۆنانی و خێزانەکانیانی لە ئێرانەوە بۆ ئازەربایجان گواستووەتەوە و خەریکی پلاندانانە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵات.
هیند
حکوومەتی هیند ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنی خۆی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی لە ئێران دەست پێ کردووە. بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی هیند، ١١٠ خوێندکاری هیندی لە 17ی حوزەیران لە باکووری ئێرانەوە بۆ ئەرمینیا گوازراونەتەوە.
ئیتاڵیا
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ڕایگەیاند لە نێو نزیکەی ٥٠٠ هاووڵاتیی ئیتاڵیی نیشتەجێی ئێران، ٢٩ کەسیان لە ڕێکەوتی 18ی حوزەیران بە هەماهەنگیی حکومەتی ئەو وڵاتە لە ئێران دەرچوون. ئەو سەرچاوەیە هەروەها باسی لە پلاندانان بۆ گەشتێکی چارتەر لە میسرەوە لە ڕێکەوتی 22ی حوزەیران بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییە ئیتاڵییەکانی نیشتەجێی ئیسرائیل کرد.
ژاپۆن
حکومەتی ژاپۆن هەواڵی ناردنی دوو فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی بۆ جیبۆتیی دا، تا لە ئەگەری توندبوونەوەی پێکدادانەکان، توانای گواستنەوەی خێرای هاووڵاتیانی ژاپۆنی لە ئێران و ئیسرائیل هەبێت. باڵیۆزخانەکانی ژاپۆن لە تاران و تەلئەبیب سەرقاڵی هەماهەنگین بۆ گواستنەوەی وشکانیی هاووڵاتییانیان بۆ وڵاتانی دراوسێ بە بەکارهێنانی پاس.
نیوزیلەندا
نیوزیلەندا باڵیۆزخانەی خۆی لە تاران بە شێوەیەکی کاتی داخستووە و دوو کارمەندی باڵیۆزخانە و خێزانەکانیانی لە ڕێگەی وشکانییەوە بۆ ئازەربایجان گواستووەتەوە.
پۆڵەندا
وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی هاووڵاتییانی لە ئێران بەیانیی 19ی حوزەیران بە نیشتنەوەی گرووپێک لە هاووڵاتیانی پۆڵەندی لە فڕۆکەخانەی وەرشۆ کۆتایی هات. یەکەمین گرووپی پۆڵەندییە دەرچووەکان لە ئیسرائیلیش لە 18ی حوزەیران گەیشتنە وەرشۆ. دووەمین گەشتی گواستنەوەش بە ٦٥ سەرنشینەوە لە شاری عەممانەوە پلانی بۆ دانراوە.
پورتوگال
پورتوگال باڵیۆزخانەی خۆی لە ئێران بە شێوەیەکی کاتی داخستووە و چوار هاووڵاتیی خۆی لە ڕێگەی ئازەربایجانەوە گواستووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی پورتوگال ڕایگەیاند ١٣٠ داواکاریی بۆ دەرچوون لە ئیسرائیل پێگەیشتووە و سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ گەشتێکی گواستنەوەی هاووڵاتییانی لە ئیسرائیل.
سڕبیا
میرڤالیۆب پێترۆڤیچ، باڵیۆزی سڕبیا لە ئیسرائیل، ڕایگەیاند ١٠٠ هاووڵاتیی سڕبی لە ڕێگەی میسرەوە لە ئیسرائیل دەرچوون.
سییەرالیۆن
وەزارەتی دەرەوەی سییەرالیۆن ڕایگەیاند ٣٦ هاووڵاتیی ئەو وڵاتە لە ئێرانەوە بۆ ئەرمینیا گوازراونەتەوە.
سلۆڤاکیا
یەکەمین گەشتی گواستنەوەی سلۆڤاکیا بە ٧٣ کەسەوە، کە ٢٥ گەشتیار و پێنج ئەندامی خێزانی دیپلۆماتکارانی سلۆڤاکی لە تەلئەبیب بوون، لە 16ی حوزەیران گەیشتە براتیسلاڤا. وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤاکیا هەروەها ڕایگەیاند باڵیۆزخانەی خۆی لە تاران بە شێوەیەکی کاتی دادەخات و هەموو کارمەندەکان لە ئێران دەگوازێتەوە.
کۆریای باشوور
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور ڕایگەیاند ١٨ هاووڵاتیی ئەو وڵاتە لەگەڵ دوو ئەندامی خێزانیان کە بە ڕەچەڵەک ئێرانین، لە ڕێگەی وشکانییەوە لە ئێران دەرچوون.
تایوان
وەزارەتی دەرەوەی تایوان ڕایگەیاند ٣٦ هاووڵاتیی تایوانی لە ڕێگەی سنووری وشکانی لەگەڵ ئوردن، لە ئیسرائیل دەرچوون. هەروەها سێ هاووڵاتیی دیکەی ئەو وڵاتەش لە ڕێگەی سنووری وشکانی لەگەڵ تورکیا، ئێرانیان جێهێشتووە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
مایک هاکبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرقاڵی پلاندانانە بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی لە ئیسرائیل بە فڕۆکە و کەشتیی گەشتیاری.
ڤیەتنام
وەزارەتی دەرەوەی ڤیەتنام ڕایگەیاند هۆشداریی داوەتە هاووڵاتییانی خۆی لە ئیسرائیل و ئێران تا ئامادەی گواستنەوە بن. تا ئێستا ١٨ هاووڵاتیی ڤێتنامی لە ئێران دەرچوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.