ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی حوزەیرانی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کۆبووەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا پرسی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و گرژییەکانی ناوچەکە و جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل تاوتوێ کران. دوو پێشنیاری هەریەک لە وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستییش لە قازانجی هاووڵاتییان پەسند کران.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە بابەتی بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کرد و گوتی، بە هەموو شێوەیەک، لە هەوڵ و کارکردنمان بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە بەردەوامین و بۆ ئەم مەبەستەش لەم یەک دوو ڕۆژەی ڕابردوودا، سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، نامەیەکمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە.
سەرۆکوەزیران گوتیشی، هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وڵامی نامەکەدا بڕیارێکی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات، بەتایبەتیش کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا، ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگیرێت و شایستە داراییەکانی بنێردرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیران دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستانی تاوتوێ کرد.
لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە کە هەمیشە دژی شەڕ و گرژی و وێرانکاری بووە و وەک هەمیشەش، فاکتەرێکی گرنگی ئاشتی و ئارامی وسەقامگیری دەبێت و نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هیچ لایەنێک. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی هەموو هەوڵێک دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و پاراستنی ئاشتی و تەناهی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، پێشنیارێکی وەزارەتی ناوخۆی خستەڕوو کە تایبەت بوو بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ بە ڕێژەی %20 بۆ شەش مانگی دیکە لە 7/1 تا 2025/12/31 و ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی پەسەند کرد.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بابەتی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکیی گشتییان خستەڕوو. لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسەند کرد و بڕیاری دامەزراندنیان لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی درا. بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و تەندروستی و ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەی ڕاسپارد، ڕێکاری پێویست بۆ دامەزراندنیان بگرنەبەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.