Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 11:05

ڕەنگە تاران بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان

کوردستان TV
100%

کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەم وڵاتەوە ڕایگەیاند: "ڕەنگە کۆماری ئیسلامیی ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا". بە پێی ڕاپۆرتی ئەم کەناڵە، ئەمریکییەکان پێیان وایە ئێران زۆر لاواز بووە و ڕەنگە بەناچار بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان و لە کۆتاییشدا لەسەر وەلانانی کۆی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی ڕێک بکەوێت.

ئاماژە بەوەش کراوە ئەگەر حکوومەتی ئێڕان بگەڕێتەوە ناو دانوستانەکان و ئامادە بێت بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە تەواوی ڕابگرێت، گەڕێکی دیکەی دانوستان بە ئامادەبوونی "ستیف ڤیتکۆف"، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە ئەگەری زۆریش "جی دەی ڤەنس"، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ئێرانی بەڕێوە بچێت.

 پێشتر ئێران و ئەمریکا لە ماوەی 2 مانگدا پێنج گەڕی دانوستانیان بەڕێوە بردووە و بڕیار بوو گەڕی شەشەمی دانوستانەکان ڕۆژی یەکشەممەی ئەم حەفتەیە بەڕێوە بچێت. بەڵام ئیسرائیل 48 کاتژمێر بەر لە بەڕێوەچوونی گەڕی شەشەم و چەند خولەکێک پاش کۆتاییهاتنی مۆڵەتی 60 ڕۆژەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، هێرشی کردە سەر دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکان ئێران و لە بەرانبەریشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند لە دانوستانەکان دەکشێتەوە.

بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە لە نێوان 24 تا 48 کاتژمێری داهاتوودا یەکلایی دەبێتەوە ئاخۆ دەرفەت بۆ ڕێگەچارەی دیپلۆماسی ماوەتەوە یا سەرۆکی ئەمریکا ڕێگای دەستوەردانی سەربازی هەڵدەبژێرێت. چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئەی بی سی نیوزیان ڕاگەیاندووە، ترەمپ لە وڵام نەدانەوەی ئێران بە پێشنیارەکانی تووڕەیە و نایهەوێ دۆخەکە بە ئاراستەیەکدا بچێت کە وا بنوێنێ تاران هەڕەشەکانی ئەوی پشتگوێ خستووە. سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە خوازیاری ئاگربەس نییە و لە ئاگربەس باشتر بۆ ئەم دۆخە، خۆبەدەستەوەدانی بەبێ مەرج لە لایەن ئێرانەوەیە.

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە بەشداریی دۆناڵد ترەمپ شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە بەڕێوە چوو و ماوەی 80 خولەکی خایاند. ماڵپەڕی ئەکسیوس لەسەر زاری سێ بەرپرسی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، ترەمپ بە شێوەیەکی ڕژد خەریکی تاوتوێ کردنی بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە جەنگەکە و هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.