ئه‌مڕۆ شه‌ممه دەستەی گشتیی فڕۆكەوانیی شارستانیی سووریا به فه‌رمی رایگه‌یاند: له ئێستادا ئاسمانی وڵاتەكە بە شێوەیەكی تەواوەتی لەبەردەم جموجۆڵی فڕۆكەوانیی شارستانیدا له‌نێو تۆڕی ئاسمانی جیهانیدا كراوه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 14ی حوزه‌یران ، ئاژانسی فه‌رمی حكوومه‌تی سووریا "سانا" راگەیاندراوێكی دەستەی گشتیی فڕۆكەوانیی شارستانیی سووریای بڵاوكردەوە كه تیایدا هاتووه: دوای وه‌ستانێكی كاتیی دووبارە ئاسمانی وڵاتەكە بە ڕووی گەشتیی ئاسمانیی فڕۆكە شارستانییەكان له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی تۆڕی ئاسمانی جیهانی كراوه‌ته‌وه.
دەستەی گشتیی فڕۆكەوانیی شارستانیی سووریا ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: ئاسمانی سووریا ئێستا پارێزراوە و بەپێی پێوەرەكانی سەلامەتیی نێودەوڵەتی بۆ بەكارهێنان دەگونجێت و سەرجەم ڕێڕەوەكان، بەوانەشەوە كە فڕۆكەخانەكانی سووریا بە تۆڕی ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەكان دەبەستێتەوە، ئێستا لەبەردەم گەشتە ئاسمانییەكاندا كراوەیە.
ئاژانسی " سانا" له زاری حكوومه‌تی سووریا ئه‌وه‌شی دووپات كردووه‌ته‌وه: بە بەردەوامی چاودێریی بارودۆخی ناوچەكە دەكەن و لە كاتی پێویستدا رەنگە ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و ئاسایش لە ئاسمانی سووریادا.
ئه‌وه‌ی گرنگه بگوترێ: تا ئێستا ئاسمانی عێراق و هەندێك لە وڵاتانی دیكەی ناوچەكە، بەهۆی به‌رده‌وامی هێرشەكانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەكتر داخراوه و گەشتە ئاسمانییەكان راگیراون، دیاریش نییه كه‌ی گه‌شته‌كانیان ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.