سەرۆكی ئەمەریكا نەیشاردەوە كە رەنگە ئیسڕائیل هێرشی سەربازی بكاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، هۆشداریشی دا لە فراوانبوونی گرژییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەگەری هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران گوتی: نامەوێ بڵێم بەمزووانە ئیسڕائیل هێرش دەكاتە سەر ئێران، بەڵام رەنگە ئەمە لە هەر كاتێكدا ڕوو بدات.
دۆناڵد ترەمپ داوای لە بەرپرسانی ئیسڕائیل كرد بڕیاری هێرشكردنە سەر ئێران نەدەن، چونكە ئەمەریكا و ئێران لە رێككەوتن نزیكن سەبارەت بە دۆسییەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.
لەمبارەیەوە گوتی: ئێستا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاڕادەیەكی باش لە رێككەوتن نزیك بووینەتەوە، بۆیە نامانەوێت ئیسڕائیل هێرش بكاتە سەر ئێران، چونكە ئەو كات دۆخەكە بەتەواوی ئاڵۆز دەبێت.
سەرۆكی ئەمەریكا داواشی لە سەرۆكایەتی ئێران كرد رەوشی دانوستانەكان بەهەند وەربگرن، بەپێچەوانەوە ناچار دەبن بیر رێگەی تر بكەنەوە كە رەنگە بە دڵی تاران نەبێت.
لە كۆتایی چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانییەكەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند كە ئامانجیەتی لەگەڵ ئێران بگەنە رێككەوتنی كۆتایی و بۆ ئەمەش تاڕادەیەك نزیكن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.