Erbil 31°C یەکشەممە 09 ئاب 22:32

ترەمپ بەهۆی گرژییەکانی لەگەڵ ئیلۆن ماسک ئۆتۆمبێلە تێسلاکەی دەبەخشێت

کوردستان TV
100%

لەدوای گرژییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن ماسک، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری داوە ئۆتۆمبێلە تێسلاکەی کە وەکو پاڵپشتییەک بۆ ئەو کۆمپانیایە کڕیبووی، بیفرۆشێتەوە یان بیبەخشێت.

تێسلاکەی دۆناڵد ترەمپ مۆدێلی ئێس "S"ـە و رەنگەکەی سوورە. بەهاکەشی نزیکەی 80 هەزار دۆلارە، میدیاکانی ئەمەریکا وێنەی ئۆتۆمبێلەکەیان لە گەراجی کۆشکی سپی بڵاوکردووەتەوە و لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکا بڵاویان کردووەتەوە کە سەرۆکی ئەمەریکا بیر لەوە دەکاتەوە بە هەر شێوەیەک بێت ئەو ئۆتۆمبێلە لای خۆی نەهێڵێتەوە.

هەرچەند سەرۆکەکانی ئەمەریکا بە هۆکاری ئەمنی بۆیان نییە شۆفێری بکەن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، کانوونی دووەمی ئەمساڵ وەکو پاڵپشتییەک لە ئیلۆن ماسک ئەو ئۆتۆمبێلە تێسلایەی کڕی و لە رێوڕەسمێکدا لە کۆشکی سپی ئۆتۆمبێلەکەی بە نایاب وەسفکرد و رەخنەگرانی کۆمپانیای تێسلای بە "تیرۆریست" ناو هێنا.

رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر ئۆتۆمبێلەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و رەخنەیەکی زۆر لەوە گیرا کە بۆ دەبێت سەرۆکی ئەمەریکا بەم جۆرە ریکلام بۆ ئۆتۆمبێلێک بکات.

ئێستا گرژی کەوتووەتە نێوان ترەمپ و ئیلۆن ماسک و ئابووریناسان پێیان وایە ئەو گرژییە کێشە بۆ داهاتووی کۆمپانیای تێسلا دروستدەکات.

گرژییەکان لەدوای ئەوە دروستبوون کە ئیلۆن ماسک رەخنەی لە سیاسەتە گومرگییەکانی ترەمپ گرت و دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەردوولا یەکتریان دایە بەر رەخنە، تەنانەت سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری ئەوەی دا کە گرێبەستەکانی حکوومەت لەگەڵ کۆمپانیای تێسلا هەڵدەوەشێنێتەوە و ئیلۆن ماسکیش گوتی، بەبێ پاڵپشتی ئەو ترەمپ هەرگیز نەدەبوو بە سەرۆکی ئەمەریکا.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.