Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 10:52

ئەنجوومەنی وەزیران ده‌رباره‌ی ئه‌نجامی سەردانی شاندی باڵای حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا كۆبووه‌وه‌  

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18ی ئایاری 2025 فه‌رمانگه‌ی میدیاو زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌رئه‌نجامه‌كانی سه‌ردانی شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت بۆ ئه‌مه‌ریكا خرایه‌ڕوو .

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری هاتووه‌: ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەڵوێستی ئەمەریکا دەکات و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانییەکەی لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و زامنکردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بڕگەی سەرەکی و کارنامەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی فەرمی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەفتەی ڕابردوودا و واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامە لە بواری وزە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای  ئەمەریکی( HKN) و ( (WesternZagros)).

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکە کرد و ڕوونیکردەوە کە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی دەڕوانێت، سەرۆک وەزیران هەروەها پشتیوانی واشنتنی بۆ قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بە گرنگ وەسف کرد بە ئاراستەی پتەوکردنی سیستمیی فیدڕاڵیی و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم.

پاشان سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی بواری وزە کرد لەگەڵ هەر دوو کۆمپانیای ئەمەریکی ( HKN و WesternZagros ) کە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمەریکاشەوە بە گەرمی پاڵپشتی لێ کرا و ئەو دوو ڕێککەوتننامەیە، سوودیان بۆ هەرێمی کوردستان و هەموو خەڵکی عێراق دەبێت. ئینجا پوختەی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندەکەی لە واشنتن لە گەڵ کۆنگرێس و ئیدارەی نوێی ئەمەریکا خستەڕوو. لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا هەردوولایەن جەختیان لە بەهێزترکردنی پەیوەندی هاوبەشی نێوانیان کردەوە بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی سیستمی فیدڕاڵیی دانپێدانراو لە دەستووری هەمیشەیی عێراق.

سەبارەت بەکۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەرۆک وەزیران ستایشی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی کرد تایبەت بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان کە پابەندبوونی ئەمەریکای بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە وەزیری دەرەوە ئامادەیی ئەمەریکای دووپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێم کە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. سەرۆک وەزیران ئاماژەی دا بە ستایشی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ میوانداریکردنی هەرێمی کوردستان لە پەنابەر و ئاوارەکان و پاراستنی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکان.

دواتر هەریەک لە ئەندامانی شاندەکە بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان وردەکاریی زیاتری کۆبوونەوە و دیدارەکانیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو. لە دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی سەردانەکە، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەڵوێستی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد و ڕێز و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانییەکەی لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و زامنکردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستوور، بە تایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدڕاڵیی و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستوور و خستنەوەگەڕی داهاتەکەی بۆ خێر و بەرژەوەندی هەمووان کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنی پرۆسەکە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023ـەوە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی کەوتووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.