Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 00:03

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتیی هۆزەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرد

کوردستان TV
100%

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك ئەمیر و سەرۆك هۆز و كەسایەتیی هۆزەكانی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرد و لە دیداریکدا سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانییان كرد بۆ هەوڵدان بۆ جێگیركردنی سەقامگیری و قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و برایەتی.

 

ڕۆژی یەكشەممە 25ی ئایاری 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ژمارەیەك ئەمیر و سەرۆك هۆز و كەسایەتیی هۆزەكانی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق كرد.

 

لە راگەیەنراوێکدا بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە؛ "لەو دیدارەدا شاندی میوان سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانییان كرد بۆ هەوڵدان بۆ جێگیركردنی سەقامگیری و قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی و هەروەها سوپاسی گەلی كوردستانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و شەڕی تیرۆردا باوەشیان بۆ ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە بەشەكانی تری عێراق كردەوە".

 

زیاتر روونکراوەتەوە؛ "شاندی میوان ستاییشی سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد كە سەرباری بوونی ئاستەنگ بەڵام هەرێم توانیویەتی لەسەر ڕێگەی بووژانەوە هەنگاو بنێت. هەروەها ڕاشیانگەیاند كە ئەوان لە داخوازییە ڕەواكانی گەلی كوردستان دەگەن و پەیامی پاڵپشتی و موحەبەت و پێزانینیان بۆ گەلی كوردستان هەیە".

 

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا؛ "سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد و لە وتەیەكدا بۆ ئامادەبووان ئاماژەی بە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتی و زوڵمە كرد كە حكوومەتەكانی عێراق بەسەر گەلی كوردستانیان هێناوە، ئەوەشی خستەڕوو كە بوونی ناكۆكی گەلی كوردستان لەگەڵ حكوومەت و ڕژێمەكان بە مانای ناكۆكی لەگەڵ گەل و پێكهاتەكانی عێراق نییە و سیاسەتی هەڵەی حكوومەتەكان هەرگیز ناتوانێ پەیوەندیی نێوان گەلان تێك بدات".

 

سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند؛ "حەز دەكەین هەموو عێراق ئاوەدان بێت و ببوژێتەوە و كەرامەتی هاووڵاتییان لە هەموو بەشەكانی عێراق پارێزراو بێت".

 

 لە بەشێكی دیکەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، ئەوەی دووپات كردەوە كە ناكرێ قووتی هاووڵاتییان بە سیاسی بكرێت و وەك چەكێك لەدژی خەڵكی كوردستان بەكار بهێنرێت. جەختیشی لەوە كردەوە كە حوكمڕانیی لە عێراق كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە دەستوور جێبەجێ بكرێت و هەموولایەك پابەندی هەر سێ پڕەنسیپی هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی بن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.