دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (ئۆنروا) له هۆشدارییه‌كدا بۆ جیهان ئاشکرای کردووه: سەدان هەزار کەس لە کەرتی غەززە لە برسێتیدان و پێویستییان به به‌هاناوه‌چوون هه‌یه.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 24ی ئایار ، عه‌دنان ئەبو حەسنە گوته‌بێژی ده‌زگای فریاگوزاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، لە لێدوانێکدا بۆ رای گشتیی جیهان ڕایگەیاندووه: "300 هەزار فەلەستینیی له هه‌موو ته‌مه‌نه جیاوازه‌كان لە کەرتی غەززە لە مەترسییەکی گەوره‌ی هێڵی ژێره‌وه‌ی برسییه‌تی دان".
گوتەبێژی ئۆنروا لە غەززە ڕاشیگەیاندووه: "خەڵکی کەرتی غەززە رۆژانه بەهۆی برسێتی یان لەژێر بۆمباراندا دەمرن به به‌رچاوی جیهانه‌وه. "
عه‌دنان ئەبو حەسنە گوته‌بێژی ده‌زگای فریاگوزاری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان: داوای لە ئیسرائیل کرد ڕێگە بە هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان له كه‌رتی غه‌ززه بدات.
راشیگه‌یاندووه: ئێمە داوای دەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ ڕێگری‌کردن لە ئاوارەبوون و زیندانیکردنی فەلەستینییەکان لە ناوچەی ڕەفەح.
هاوكات لای خۆیه‌وه، فیلیپ لازارینی، کۆمیساری گشتیی ئۆنروا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ڕایگەیاند بوو: ئەو هاوكاریی و یارمەتییه مرۆییانه‌ی دەگەنە کەرتی غەززە زۆر كه‌من و له ئاستی چاوه‌ڕوانیدا نییه .
لازارینی ئاشكراشی كردووه : زیاتر لە 11 هەفتەیە خه‌ڵكی غه‌ززه بەدەست برسێتی و بێبەشی و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانه‌وه گرفتارن.
جەختیشی لەوەش کردەوە: ڕۆیشتنی کاریگەر و بەردەوامی هاوکارییەکان له بواری خۆراك و ته‌ندروستیی تاکە ڕێگایە بۆ ڕێگری‌کردن لە خراپتربوونی دۆخی کارەساتباری خه‌ڵكی غه‌ززه .

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.