Erbil 31°C دووشەممە 28 ئەیلوول 10:48

مەسرور بارزانی: لە واشنتنین بۆ دووپاتکردنەوەی هاوبەشیی و دۆستایەتی ئەمریکا و کوردستان

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاتینەوە واشنتۆن بۆ ئەوەی بڵێین ئێمە نەک هەر شەڕکەرێکی باشین و پێکەوە شەڕمان لەگەڵ تیرۆریستان کردووە، به‌ڵكوو ئێستا لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی و ئەمریکییەکان دەتوانین زۆر شت بنیات بنێین.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکا ئامانجی سەردانەکەی بۆ واشنتن دەخاتەڕوو و دەڵیت؛ "هاتینەوە واشنتۆن بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان بۆ ئەوەی هاوپەیمان و دۆست و هاوبەشی ئەمریکا بین".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باس لە گرێبەستەکانی حکوومەت لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای  وێسترن زاگرۆس و ئێچ کەی ئێن ئینێرجی دەکات کە هەفتەی رابردوو بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لە واشنتن واژۆکران و گوتی؛ "کوردستان مافی ئەوەی هەیە گرێبەستەکان واژۆ بکات، بەتایبەتی لەسەر پەرەپێدانی کەرتی گاز و وزە"

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا مەسرور بارزانی تیشک دەخاتە سەر پرسی سووریا و دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران و چەند پرسێکی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەبارەی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانیش دەڵێت؛ "هیوادارین دانوستانەکان ببنە هۆی هەندێک چارەسەری ئاشتیانە" و دەشڵێت؛ "ئێمە شەڕمان ناوێت" و پشتیوانی خۆی لە بیرۆکەی دۆناڵد ترامپ دووپات دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان بە رێگەی ئاشتی.

 

دەقی چاوپێکەوتنی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکا لەگەڵ مەسرور بارزانی:

فۆکس نیوز: باشە، وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیو پشتگیری ئەمریکا بۆ سەربەخۆیی هاوبەشێکی دێرینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووپات دەکاتەوە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەم هەفتەیەدا لە واشنتۆن بووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ کۆبووەتەوە، هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ئەمشەو سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانیمان له‌گه‌ڵه‌‌، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق.  حکومەتەکەی هەندێک گرێبەستی نوێی وزەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە بەهای زیاتر لە سەد ملیار دۆلار ڕاگەیاند. جەنابی سەرۆک وەزیران، ئاماده‌بونتان بەرز دەنرخێنین زۆر سوپاس و به‌خێربێن، باسم لە کۆبوونەوەکانتان کرد - نەک ته‌نها هه‌ر له‌گه‌ڵ وەزیری دەرەوەی ئه‌مریكا به‌ڵكو، له‌گه‌ڵ وەزیری ئاسایشی ناوخۆ، وەزیری ناوخۆ و وەزیری وزە، له‌م كۆبوونه‌وانه‌دا تیشکخرایه‌ سەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

مه‌سرور بارزانی: سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم براد. زۆر دڵخۆشم کە گەڕامەوە بۆ واشنتۆن، ئێمە هاتینەوە واشنتۆن بۆ ئەوەی بڵێین سوپاس بۆ سەرۆک و حکومەت و هێزی سەربازی و گەلی ئەمریکا كه‌ هەمیشە پشتگیرییان لێكردووین. هەروەها بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان بۆ ئەوەی هاوپەیمان و دۆست و هاوبەشی ئەمریکا بین. هاوكات بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئێمە نەک هەر شەڕکەرێکی باشین و پێکەوە شەڕمان لەگەڵ تیرۆریستان کردووە، به‌ڵكوو ئێستا لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی و ئەمریکییەکان، لە ڕاستیدا دەتوانین زۆر شت پێکەوە بنیات بنێین کە دەتوانێت یارمه‌تیده‌ربێت لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ ناوچه‌كه‌.

 

فۆکس نیوز: ئەمانە گرێبەستی گەورەن. مەبەستم ئەوەیە، کاتێک سەیری وردەکارییەکان دەکەین، بەهاکەی نزیکەی 110 ملیار دۆلاره‌ هەشت تریلیۆن پێ سێجا ستانداردی گازی سروشتی و پێنج ترلیۆن پێ سێجا ستانداردی گاز، هەروەها 900 ملیۆن بەرمیل نەوت لەخۆدەگرێ.  بەڵام دەڵێن حکومەتی فیدراڵی ڕەخنەی هەیە سەبارەت بەم گرێبەستی وزەیه‌، دەڵێن ئەو ڕێککەوتنە وزەیەی کە ئێوە و هەرێمەکەتان واژۆتان کردووە یاسایی نین. لەم بارەیەوە چی دەڵێی؟

مه‌سرور بارزانی: باشە ئێمە ئەو دەستوورمان هەیە کە لە ڕاستیدا بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان چ مافێکی هەیە. کوردستان بەڕاستی مافی ئەوەی هەیە گرێبەستەکان واژۆ بکات، بەتایبەتی لەسەر پەرەپێدانی کەرتی گاز و وزە. ئێمە لە ماوەی ڕابردوودا گرێبەستمان واژۆ کردووە و ئەم دوو کۆمپانیایە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان کاریان کردووە.

 

فۆکس نیوز: دەمەوێت باسی هەرێمەکەت بکەم. دیارە ئەمریکا سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرێت، ئەمڕۆ بە فەرمی ئەو پرۆسەیە دەستپێدەکات. وەزیری دەرەوە وتی ئەگەر ئەوە ڕووی نەدابا، جارێکی تر سووریا دەبووە گۆڕەپانی یارییه‌كانی داعش.  پێمبڵێ هەڵسەنگاندنتان بۆ دۆخی سووریا و ناوچەکە چییە؟

مه‌سرور بارزانی: ئێمە لەگەڵ سیاسەتی سەرۆک کۆمارداین بۆ ئەوەی دەرفەتێک بدرێت بە سووریا، بێگومان سوریا بە کۆمەڵێک ئاڵه‌نگاری سەختدا تێدەپەڕێت.  هێشتا حکومەت کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتەکەی نەکردووە. هێشتا هەندێک شوێن هەن کە داعش تێیدا چالاکە کە پێویستیان بە کۆنتڕۆڵکردن و چاودێریکردن  هه‌یه‌ بەهیوای ئەوەی بە هاوکاری هەموو لایەک، لەناوببرێن.

 

فۆکس نیوز: ئه‌ی ئێران چۆن دەبینی؟ ئێستا لە ناوەڕاستی دانوستاندان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی. بەڵام ئێران هێشتا ئه‌كته‌رێكی خراپه‌ له‌ ناوچەکەدا و پشتگیری له‌ پڕۆكسی یاخود بڵێم ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی له‌وانه‌ش گروپەکانی وەک حەماس و حزبوڵڵا و حووسییەکان دەکەن.

مه‌سرور بارزانی: باشە هیوادارین ئەو دانوستانانەی ئێستا لە ئارادایە، ببنە هۆی هەندێک چارەسەری ئاشتیانە، ئێمە شەڕمان ناوێت، دیارە هەمووان پشتگیری لە دیدگای سەرۆک دەکەن. بە دڵنیاییەوە ئێمەش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین، ئێمە پشتگیری لە بیرۆکەی ئەو دەکەین کە ئاشتی و باشترکردنی ژیان و گەشەپێدانی ئابوورییە، هیوادارین ئەم گفتوگۆیانە ببێتە هۆی جۆرێک لە ئەنجامی ئاشتیانە کە ڕێز لە مافەکانی هەمووان بگرێت.

 

فۆکس نیوز: هەندێک لە شارەزایان دەڵێن ئەمریکا لە ڕابردوودا گەلی کوردی بە تەنیا جێهێشتووە،  بۆ نمونە لە سوریا و ئەو شوێنانەی تر کە شەڕتان لەگەڵ تیرۆریستاندا دەکرد، به‌ڵام ئێستا پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ ئەم حکومەتەی ئەمریکادا دروست دەکەیت، پێمبڵێ هەستت چۆنە بۆ ئێستا و ڕابردوو و پەیوەندی نێوان ئەمریکا و کورد؟

مه‌سرور بارزانی: باشە، دەبێ بڵێم کە ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە پشتگیریکردنمان، ئەگەر بەهۆی پشتیوانی ئەمریکاوە نەبوایە، نەماندەتوانی بە ئاسانی داعش تێکبشکێنین. دەتوانم پێتان بڵێم لەم گه‌شته‌دا پاڵپشتی زۆرمان لەم ئیداره‌یه‌ بیستوو،  ئەمە ڕێک ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت، زۆر سوپاسگوزارین بۆ ئەوەی ئەمریکا کردوویەتی، بۆیە هیوادارین ئەمریکا هه‌میشه‌ ئێمه‌ وه‌ك هاوبەشی ڕاستەقینەی خۆیی سه‌یركات، لە ڕاستیدا ئێمە زۆر شانازی دەکەین هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمریکاین.

 

فۆکس نیوز: بەڵێ. باشە جەنابی سەرۆک وەزیران ئێمە ئاماده‌بوونت بەرز دەنرخێنین، ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی ئەم گرێبەستە گەورانەی وزە بۆ ئەوەی بزانین له‌ داهاتوو چیان به‌سه‌ر دێت و چی ڕوودەدات. سوپاس بۆ ئاماده‌بوونتان .

مه‌سرور بارزانی: سوپاس بۆ بانگهێشتكردنتان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.