بەپێی رێککەوتنی ئیستەنبول، رووسیا و ئۆکراینا دەستیان کردووە بە ئاڵوگۆڕی دیلەکانیان و لە قۆناخی یەکەمدا نزیکەی 800 دیلیان گۆڕییەوە.
ڤلۆدیمیر زلینسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراینا رایگەیاند؛ "خەڵکەکەمان دەگەڕێنینەوە ماڵەوە، قۆناخی یەکەمی ئاڵوگۆڕی هەزار زیندانی بەرامبەر هەزار زیندانی دەستیپێکرد".
سەرۆککۆماری ئۆکراینا دەڵێت؛ "شەوی رابردوو ئۆکراینا و رووسیا هەر کامەیان 390 زیندانییان گۆڕیوەتەوە و ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکانیش رۆژانی شەممە و یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی بەرگری رووسیا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە قۆناخی یەکەمی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان، هەر لایەک 270 سەرباز و 120 هاووڵاتیی مەدەنییان ئازاد کردووە.
کاتژمێرێک بەر لە ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئۆکراینا و رووسیا هەفتەی رابردوو لە دانوستانی ئاشتیی ئیستەنبول لەسەر ئاڵوگۆڕی دیلەکانیان رێککەوتوون و "پرۆسەکە تازە چووەتە بواری جێبەجێکردن و بەردەوام دەبێت".
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی؛ "پیرۆزبایی لە هەردوو لا دەکەم بۆ ئەو رێککەوتنە، ئەمە دەتوانێت ببێتە سەرەتایەک بۆ رووداوێکی گەورەتر".
ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە سنووری نێوان بیلارووس و ئۆکراینا ئەنجامدرا، بیلارووس یەک لە وڵاتە هاوپەیمانەکانی رووسیایە و لە شەڕی نێوان مۆسکۆ و کیەڤ، لایەنگری مۆسکۆی کرد، بەڵام ئامادە نەبوو سەربازەکانی لەو شەڕەدا بەشداریی پێ بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.