بەر لەوەی سەردانەكەی بۆ رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا ئەنجام بدات بۆ كۆبوونەوە گەڕی پێنجەمی دانیشتنەكان لەگەڵ ئەمەریكا سەبارەت بە دۆسییەی ئەتۆمی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێكی روونی بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا نارد.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامەكەی ئەمڕۆ هەینی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاو كردەوە و رایگەیاند: بەڕێ دەكەوم بۆ رۆما بە مەبەستی ئەنجامدانی پێنجەم كۆبوونەوە ناڕاستەوخۆكان لەگەڵ ئەمەریكا.
عێراقچی راشیگەیاند: دۆزینەوەی رێگایەك بۆ رێككەوتن كارێكی زەحمەت و ئەستەم نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها نووسیویەتی: نەبوونی چەكی ئەتۆمی بە واتای رێككەوتن دێت، بەڵام رێگەگرتن لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە واتای رێكنەكەوتن دێت.
بەهەمانشێوە نووسیوتی: ئێستا كاتی ئەوە هاتووە بڕیاری كۆتایی لەمباریەوە بدرێت.
عەباس عێراقچی شەوی رابردوو لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنی ئێران گوتبووی: تا ئێستا كێشەی بنەڕەتیمان لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی هەیە. هۆشداریشی دابووە ئەمەریكا ئەگەر رێگەیان لێ بگرن لە پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەوا هیچ رێككەوتنێك نایاتە ئاراوە.
جەختیشی كردبووەوە كە ئێران لەماوەی رابردوو هاوكاری زیاتری پێشكەش كردووە بۆ پڕۆسەی پشكنینەكان لە دامەزراوە ئەتۆمییەكان، ئەمەش بۆ ئەوە بووە كە كێشەكان چارەسەر ببن و رێككەوتنەكان سەربگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.