وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی رێككەوتننامەكەیان لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (HKN و WesternZagros)ی ئەمەریكی، رایدەگەیەنێت كە گرێبەستی نوێ نین و هەروەها لە رووی دەستووری هەمیشەیی عێراقەوە هیچ كێشەیەی یاساییان نییە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە بە ڕوونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشان کردووە".
راشیگەیاند "لەهەمانکاتدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوویەتی، ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن".
هەروەها رایگەیاندووە "دادگاکانی عێراق دانیان بە یاسایی و ڕەوایی ئەو رێككەوتننانە داناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە".
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان جەختیش دەكاتەوە كە "لە رێككەوتننامەكەدا تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون، لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی و گرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێکەوتننامەکان و هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت و گاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین".
لە كۆتاییدا ئاماژە بەوە دەكات كە "ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و گرێبەستانە، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.