ئیسرائیل ماوەی دوو مانگ و نیوە رێگە بە گەیشتنی خواردن و پێداویستییە سەرەتاییەکان نادات بۆ کەرتی غەزە و ئێستا نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەڵێت، ئەوان رێگەیەک دەکەنەوە بۆ گەیاندنی دەرمان و خۆراک بۆ خەڵکی غەزە.
رۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە؛ "لەسەر پێشنیازی سوپای ئیسرائیل، رێگە بە چونەناوەوەی هەندێک دەرمان و خۆراک بۆ غەزە دەدەین تاوەکو رێگری لە دروستبوونی برسێتی و قاتوقڕی بگیرێت".
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە؛ "قەیرانی برسێتی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە" هاوکات ئاماژە بەوەش دراوە؛ "هەندێک رێکار گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی ئەو دەرمان و خۆراکانە نەکەونە دەست چەکدارانی حەماس".
دوێنێ سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی وشکانی لە بەری باکوور و باشوورەوە بۆناو خاکی غەزە راگەیاند.
پێشتر ئیسرائیل رێگەی بە گەیشتنی هاوکاری مرۆیی و دەرمان بۆناو غەزە دەدا، بەڵام دوو مانگ لەمەوبەر سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس دەست بەسەر زۆربەی ئەو خۆراک و دەرمانانەدا دەگرێت کە بۆ خەڵکی مەدەنی رەوانە دەگرێت و بەو هۆیەوە رێگەی گەیاندنی یارمەتییەکانی داخست.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.