کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە شێخان ئاگادای دەنگدەران دەکاتەوە بچن کارتی بایۆمەتری نوێبکەنەوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مافی دەنگدان بێبەش نەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئایاری 2025، بەیار شەرەفانی بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە شێخان بە ئیسکان رەمەزان، پەیامنێری کوردستان تیڤی راگەیاند: نزیکەی 65 هەزار دەنگدەر لە ناحیەی شێخان و دەورو بەری هەن و زیاتر لە 25 هەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان نوێ نەکردووەتەوە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی خۆ تۆمارنەکرد دەڵێت: هەندێکیان بەهۆی کەمتەرخەمییەوەیە و هەندێکیشیان خەڵکی شێخانن بەڵام دوور لە ناوچەکە دەژین، بۆیە تا ئێستا سەردانی ئۆفیسی کۆمسیۆنی قەزای شێخانیان نەکردووە،
بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە شێخان، ئاگاداری هاووڵاتییانی ناوچەکە دەکاتەوە، "ئەوەی نەیەت بۆ نوێ کردنەوەی کارتەکەی لە رۆژی هەڵبژاردن مافی دەنگدانی نابێت".
بەیار شەرەفانی دەڵێت: 10 تیمی ئۆفیسەکەمان بەردەوام سەردانی گوند و ناوچەکانی دەوروبەر دەکەن، بۆ ئەو کەسانەیە کە نەخۆشن یاخود هۆکارێکیان هەیە کە نەتوانن سەردانی قەزای شێخان بکەن، ئێمە لە رێگەی تیمە گەڕۆکەکانەوە کارتی بایۆ مەترییان بۆ نوێ دەکەینەوە.
ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن لە شێخان دەشڵێت: "پێنج بنکەی دیکەمان بۆ ئاسانکاری خەڵکی دەوروبەری قەزاکە زیاد کردووە، لەوانە بنکەی قەسرۆک و کەلەکچی و تاق حەرب و دیاکۆ و دوو بنکەی دیکەش لە سەنتەری شێخان زیادکراون".
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە شێخان، داوای لە خەڵکی ناوچەکە کرد بە زوویی سەردانی ئۆفیسەکەیان بکەن، بۆ ئەوەی دەنگی کورد لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کەم نەکات.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.