ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 18ی ئایاری 2025 سەرۆکایەتی کۆماری كاتیی سووریا فەرمانێکی بۆ پێک‌ھێنانی دەستەی دادپەروەری ڕاگوزەر دەرکرد كه بەرپرس دەبێت لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕژێمی ئەسەد و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ڕژێمەکە.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ئاژانسی ھەواڵی فەرمی سووریا "سانا"، بڵاوی کردووه‌ته‌وه: ئەحمەد شەرع سەرۆک كۆماری وڵاتەکە، فەرمانی ژمارە "20"ی بۆ ساڵی 2025، بە ئامانجی پێک‌ھێنانی دەستەیەکی سەربەخۆ بەناوی "دەستەی نیشتمانی بۆ دادپەروەری ڕاگوزەر"، واژوو کردووە.
راشیگه‌یاندووه: ده‌سته‌كه سه‌رۆك و ئه‌ندام و په‌یڕه‌وی ناوه‌خۆی خۆی ده‌بێت تا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تاوانبارانی رژێمی پیشوو بكات.
ئاماژەی بەوەشداوە: ئامانج لە پێک‌ھێنانی دەستەکە، بەدیھێنانی دادپەروەری ڕاگوزەرە وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی لەپێناو بنیاتنانی دەوڵەتێکی یاسایی و دەستەبەرکردنی مافەکانی قوربانیان، ھەروەھا بەدیھێنانی ئاشتەوایی نیشتمانی بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی سووریا.
ئاژانسی هه‌واڵی سووریا (سانا)ئەوەشی خستووەتەڕوو: دەستەکە بەرپرس دەبێت لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی سەردەمی ڕژێم، جگه له‌وه قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی کە لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاودا، زیانیان بەرکەوتووە.
یەکێک لە ئەنجامەکانی کۆنگرەی نیشتمانی سووریا کە لە مانگی شوباتی ڕابردوودا ئەنجامدرا، جەخت کردنەوە بوو لەسەر گرنگی پێک‌ھێنانی دەستەیەکی دادپەروەری ڕاگوزەر، ھەروەھا لێپرسینەوە لەو بەرپرسانەی سەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد کە تێوەگڵاون لە ئەنجامدانی تاوان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، تا به شێوه‌ی یاسایی و دادپه‌روه‌رانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.