مێوژ بە باشترین میوەی وشككراوە دادەنرێت و لە رووی تەندروستییەوە چەندان سوودی سەرسوڕهێنەری بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە بەشێوەیەك كە پسپۆڕان پێشنیار دەكەن هەموو شەوێك بەر لە خەوتن چەند دانەیەك مێوژ بخورێت.
مێوژ بەتایبەت جۆرە ڕەشەكەی، ڕێژەیەكی زۆر لە شەكری سروشتی، گلۆكۆز و فركتۆزی تێدایە كە وزەیەكی خێرای باش دەدات بە جەستەی مرۆڤ.
مێوژی ڕەش هەروەها پڕە لە پێكهاتەی ریشاڵ و پۆتاسیۆم و ئاسن و كالیسیۆم و مەگنیسیۆم و ڤیتامین سی و بی، هەموو ئەمانەش بۆ چالاكی هەرس و تەندروستی ئێسك و ماسوولكە و سیستەمی بەرگریی لەش زۆر پێویست و بەسوودن.
بەشێوەیەكی گشتی سوودەكانی مێوژی ڕەش پێكهاتوون لە:
كەمكردنەوەی رێژەی هەوكردن
مێوژی ڕەش ڕێژەیەكی زۆر باش لە ماددەكانی دژە هەوكردنی تێدایە و مرۆڤ لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان بەتایەت دڵ و شێرپەنجە دەپارێزێت.
تەندروستی دڵ
مێوژی ڕەش هاتوچۆی خوێن لە دەمارەكان چالاك دەكات و هەوكردن و پاڵەپەستۆی خوێن و رێژەی چەوری و كۆلیسترۆل لە خوێن كەم دەكاتەوە، هەموو ئەمانەش وادەكەن مرۆڤ دوور بێت لە نەخۆشییەكانی دڵ و لە جەڵتەی دڵ و مێشك.
تەندروستی كۆئەندامی هەرس
مێوژی ڕەش لە رێژەیەكی زۆری ڕیشاڵ پێكهاتووە كە دەبنە هاوكار بۆ چالاككردنی كۆئەندامی هەرس، هەروەها رێژەیەكی باشی شەكری سروشتی وەك فریكتۆز و گلۆكۆزی تێدایە كە وزەیەكی خێرا دەدەن بە مرۆڤ و كێشەكانی كۆئەندامی هەرس كەم دەكەنەوە.
تەندروستی ئێسك
مێوژی ڕەش رێژەیەكی باش لە كالیسیۆمی تێدایە كە دەبێتە هۆكارێكی باش بۆ ئەوەی ئێسك بەهێز و تەندروست بێت، هەروەها ئێسك لە تێكچوون و پووكانەوە و شكان دەپارێزێت بەتایبەتیش لە بەساڵاچوواندا.
وەك كۆگایەكە بۆ ئاسنە
مێوژی ڕەش سەرچاوەیەكی باشە بۆ ئاسن، ئەو مادەیەش هاوكار دەبێت بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن و گواستنەوەی ئۆكسجین بۆ جەستە، بێگومان كەمبوونەوەی ئاسن دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی رێژەی خوێن و هەستكردن بە ماندووبوون و بێ هێزی، بۆیە ئەو كەسانەی كێشەی كەمی ئاسنیان لە جەستەدا هەیە، پێشنیار دەكرێت مێوژی ڕەش بخۆن.
باشتركردنی سیستەمی بەرگری
ئەو ڤیتامین و ماددانەی لە مێوژی ڕەشدا بوونیان هەن بەتیابەتیش ڤیتامین سی و بی 6 و زینك، رۆلێكی سەرەكی دەگێڕن بۆ باشتركردنی سیستەمی بەرگریی جەستە و پاراستنی لە هەر ڤایرۆس و بەكتریا و دووربوون لە تووشبوون بە نەخۆشییەكان.
بۆ كۆرپە و دووگیانی
بۆ خانمانی دووگیان مێوژی ڕەش بەسوودە و یارمەتی کۆرپەلە دەدات بە تەندروستی گەشە بکات.
جوانكردنی پێست
مێوژی ڕەش کاریگەری لەسەر جوانی پێست هەیە، چونکە توندی دەکاتەوە و هەروەها ساف و گەشاوە دەری دەخات.
ئارەزووی جنسی
مێوژی ڕەش یارمەتیدەرە بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی جنسییان لاوازە، خواردنی وزەیەکی باش بە مرۆڤ دەبەخشێت.
بەهێزكردنی مێشك و یادەوەری
ڕۆژانە چەند دانەیەك خواردنی مێوژی رەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی یادگای مێشک و چالاککردنی خانەكانی مێشك.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.