لەچوارچێوەی سەردانەكەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چاوەڕوان دەكرێت سبەی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا بكەوێت.
رۆژنامەی (زە تایمز)ی بەریتانی بڵاوی كردەوە: چاوەڕوان دەكرێت سبەی ترەمپ لە سعوودییە چاوی بە ئەحمەد شەرع بكەوێت.
جگە لە سەرۆكی سووریا، دۆناڵد ترەمپ هەر سبەی سێشەممە لە سعوودییە، لەگەڵ مەحموود عەباس سەرۆكی فەڵەستین و جۆزێف عەون سەرۆكی لوبنانیش كۆ دەبێتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، ئەحمەد شەرع لە كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەیدا لەگەڵ ترەمپ داوا دەكات ئەمەریكا سزا سەپێنراوەكانی سەر سووریا هەڵبگرێت.
لەبەرامبەر هەڵگرتنی سزاكانیش، چاوەڕوان دەكرێت سووریا رێگە بە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بدات بێنە وڵاتەكە و سوود لە كانزا سروشتییەكان وەربگرن هاوشێوەی ئەوەی لە ئۆكڕانیا داواكرابوو.
گەشتەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سبەی سێشەممە دەست پێ دەكات و سەرەتا سەردانی سعوودییە دەكات، دواتریش دەچێتە وڵاتانی قەتەڕ و ئیماڕات و تا رۆژی 16ی مانگ لە ناوچەكە دەمێنێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.