پۆلیسی راپەڕین ئاشكرای كرد كە تۆمەتباری ئاگرەكەی بازاڕی حاجیاوایان دەستگیركردووە كە تۆمەتبار ئافرەتێكە و دانی بە تاوانەكەی داناوە.
رۆژی 25ی مانگی رابردوو ڕووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕی قەزای حاجیاوا ڕووی دا کە بووە هۆی سوتانی بەشێك لە دوکانەکانی مەیدانی شارەکە کە کۆنە فرۆش بوون و بەو هۆیەوە زیانی زۆری مادی بەر خاوەن دوکانەکان کەوت.
پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند: دوای رووداوەكە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە کرایەوە و بەدواداچوونی ورد دەستی پێ كرد، بە سوودوەرگرتن لە تۆماری کامێراکانی چاودێری توانرا تۆمەتبارێکی ئافرەت بەناوی (ش، س، ع) تەمەن 42 دانیشتووی گەڕەكی ڕزگاری لە شارۆچكەی ڕانیە دەستگیر بكرێت کە پیشەی دەستگێڕە لەناو بازاڕی حاجیاوا.
راشیگەیاند: تۆمەتبارەكە لە بەردەم دادوەر و پۆلیسدا دانی نا بە تاوانەكەی کە بە وتەی خۆی دەڵێت، کاتێک خاوەنەکانیان لە دووکان نەبوون، ئەویش ئاگری لە پارچەیەک قوماش بەرداوە و دوکانەکان گڕیان گرتووە، چونکە مەبەستی بووە دوکانەکان بسووتێنێت.
پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەش دا كە لە کاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، تۆمەتبارەکە وای خۆی دەرخستووە کە نەخۆشی دەروونی هەیە، بەو هۆیە دەنێردرێتە لێژنەی پزیشکی پۆ پشتڕاستکردنەوەی کە ئاخۆ لە ڕووی دەروونییەوە تەندروستە یاخود نەخۆشی دەروونی هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.