دوای هەفتەیەک لە کۆتاییهاتنی کۆنگرەی 12ـی پەکەکە، ئەمڕۆ پارتی کرێکارانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی کۆنگرەکەی خستەڕوو و رايگەیاند "خۆمان هەڵوەشاندەوە و تێکۆشانی چەکداری و هەموو ئەو کارانەی بەناوی پەکەکەوە ئەنجامدەدرێن کۆتایی هات".
رۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" ئەنجامی کۆنگرەی 12ـەی حیزبەکەی راگەیاند و گوتی "گەلەکەمان باشتر لە هەمووان هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دەزانێت و پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بە شێوەیەکی زیاتر هۆشیارانە و ڕێکخراو دەپارێزێت".
لە راگەیەنراوێکدا پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند "پرۆسەیەک کە بە ڕاگەیاندنی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان لە 27ـی شوباتدا دەستی پێ کرد، لە ڕۆشنایی کارە فرەلایەنەکانی و ئەو تێڕوانینانەی کە بە شێوازی جیاواز پێشکەشی کردوون، کۆنگرەی 12ـی پارتیمان کە لە نێوان رۆژانی 5 – 7ـی ئایار بەڕێوەچوو و بە سەرکەوتوویی کۆتایی بەر کارەکانی هێنا".
زیاتر روونکراوەتەوە "کۆنگرەکەمان سەرەڕای دۆخی دژوار کە شەڕ و پێکدادان بەردەوام بوون، هێرشەکان لە ئاسمان و زەوییەوە درێژەیان هەبوو، گەمارۆی سەر ناوچەکانمان و گەمارۆی بەردەوام بوو، بە شێوەیەکی پارێزراو بەڕێوەچوو. لەبەر هۆکاری ئەمنی، هاوکات لە دوو ناوچەی جیاواز بەڕێوەبرا".
کۆنگرەی 12ـی پەکەکە کە بە بەشداری 232 نوێنەر بەڕێوەچوو، بابەتەکانی ڕێبەرایەتی، شەهیدان، بریندارەکان، بوونی ڕێکخراوەیی پەکەکە و شێوازی خەباتی چەکداری لەگەڵ بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی گفتوگۆ کرد و بڕیاری مێژوویی وەرگرت کە دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە بۆ بزووتنەوەی ئازادیمان.
کۆنگرەی 12ـی پەکەکە بە بەشداری 232 ئەندام بەڕێوەچووە و وەک لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە "کۆنگرە هەڵسەنگاندنی کرد کە خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆلی و لەناوبردنی سەر گەلەکەمانی تێکشکاند، کێشەی کوردی گەیاندە ئاستی چارەسەرکردن لە ڕێگای سیاسەتی دیموکراتییەوە، و بەم شێوەیە پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی تەواو کرد. لەسەر ئەم بنەمایە، کۆنگرەی 12ـی پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دا، کە پرۆسەی جێبەجێکردنی لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێوە دەبرێت، و بەم جۆرە کۆتایی بە چالاکییەکانی ژێر ناوی پەکەکە هێنا".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بە پەیوەندی نێوان کورد – تورک لە تورکیا دراوە و دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە بە تاکە رێگە دەزانێت لەبەردەم دەوڵەتی تورکیا، هەروەها لەبارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەش جەخت دەكاتەوە كە "گەلەکەمان باشتر لە هەمووان هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دەزانێت".
پارتی کرێکارانی کوردستان ئاماژە بەوەش دەكات "گەلی بەشەرەفی ئێمە کە بە نرخی قوربانیدانی گەورە بۆ 52 ساڵە بەشداری پێشڕەوی ڕێبەرایەتی و پەکەکە دەکات و بەرەنگاری سیاسەتی نکۆلیکردن و لەناوبردن، سیاسەتەکانی ژینۆساید و توانەوە دەبێتەوە، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بە شێوەیەکی زیاتر هۆشیارانە و ڕێکخراو دەپارێزێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی پەکەکەدا هاتووە "بڕوای تەواومان هەیە کە گەلەکەمان باشتر لە هەمووان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری تێدەگات و ئەرکەکانی قۆناغی خەباتی دیموکراتی لەسەر بنەمای بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی جێبەجێ دەکات".
پارتی کرێکارانی کوردستان داوا لە هەموو کۆمەڵگەی تورکیا دەکات پێشوازی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بکەن و روو لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەکات و دەڵێت "لەم قۆناغەدا گرنگە کە پەرلەمانی گەورەی نەتەوەیی تورکیا بە لێپرسراوێتی مێژوویی ڕۆڵی خۆی ببینێت. بە هەمان شێوە بانگەوازی هەموو پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان، بەتایبەت حکومەت و پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە بە بینینی بەرپرسیارێتیان لە سیاسەتەکانی ژینۆساید کە بۆ سەد ساڵە دژی گەلەکەمان بەڕێوە دەچێت، ڕێگری لە چارەسەری دیموکراتی نەکەن و بەشداری ئەرێنی لە پرۆسەکەدا بکەن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.