فۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكڕاینا ئاشكرای كرد كە چاوەڕوان دەكرێت رۆژی پێنجشەممە داهاتوو لە توركیا چاوی بە ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا بكەوێت و لەسەر پرسی كۆتاییهێنان بەجەنگ گفتوگۆ دەكەن.
زیلینسكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوی كردەوە: بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە توركیا ڕاستەوخۆ لەگەڵ پووتین كۆببمەوە، ئەگەر لایەنی رووسیا كۆبوونەوەكە رەت نەكەنەوە.
بڵاویشی كردەوە: پێویستە بە زووترین كات كۆتایی بە جەنگ و كوشتاری نێوان رووسیا و ئۆكڕاینا بهێنرێت.
پێشتر سەرۆكی رووسیا پێشنیاری كردبوو بۆ راگرتنی جەنگ، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئۆكڕاینا لە شاری ئیستەنبۆڵ ئەنجام بدەن.
پووتن جەختی كردبووەوە كە هیچ كاتێك رووسیا گفتوگۆ و دانوستانی لەگەڵ ئۆكڕاینا رەت نەكردۆتەوە و رژدە لەسەر كۆتاییهێنان بەو جەنگەی كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامی هەیە.
لای خۆشییەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا جەختی كردبووەوە كە ئەنقەرە ئامادەیە بۆ مێوانداریكردنی هەر دانوستانێك لەنێوان مۆسكۆ و كیێف بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.