سەرۆک بارزانی و بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە سەلاحەدین کۆبوونەوە و پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتیانە لە توركیا و ئاییندەی كورد لە سووریایان تاوتوێ کرد،
ڕۆژی یەكشەممە 11ی ئایاری 2025 لە سەلاحەدین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ڕادو بوتوم، بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوڕوپا لە هەرێمی كوردستان كرد.
بارەگای بارزانی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاماژەیداوە؛ "لە دیدارەكەدا بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوڕوپا لە هەرێمی كوردستان وێڕای ئاماژەدان بە سەقامگیریی و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان و هەماهەنگیی نێوان نووسینگەی یەكێتیی ئەوڕوپا لە هەرێم و ناوەندە فەرمی و نافەرمییەكانی هەرێمی كوردستان كورتەیەكی لە ڕوانگەی یەكێتیی ئەوڕوپا بەرانبەر هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو".
زیاتر روونکراوەتەوە؛ " بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوڕوپا لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند؛ یەكێتیی ئەوڕوپا پاڵپشتی لە بوونی سەقامگیری و پێشڤەچوونی زیاتری هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی ئابووری و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان دەكات".
بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی بارەگای بارزانی؛ "لەبەشێكی تری ئەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و ئاییندەی كورد لە سووریا و هەروەها پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتیانە لە توركیا ئاڵوگۆڕ كرا و بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوڕوپا لە هەرێمی كوردستان ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە یەكخستنی ڕوانگەی لایەنە كوردییەكانی سووریا و هەروەها یارمەتیدانی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتیانەی توركیا بەرز نرخاند".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.