تا دێت گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان روو لە هەڵکشان دەکەن و هاووڵاتییان لە ترسی هەڵگیرسانی شەڕی گەورە روویان کردووەتە فرۆشگا و بازاڕەکان بۆ کۆگاکردنی خۆراک.
رۆژی شەممە 10ـی ئایاری 2025 ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بوەوە داوە، بەهۆی تەشەنەکردنی شەڕی نێوان هیندستان و پاکستان کە هەردوو لا خاوەنی جەکی ئەتۆمن، خەڵک روویان کردووەتە فرۆشگاکان و دەستیان کردووە بە کڕینی خۆراک".
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان، بۆ پاراستنی گیانیان لە شەڕ و پێکدادانەکان، بەرەو ناوچە ئارامەکان کۆچ دەکەن.
رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو هیندستان نۆ ناوچەی لەناو خاکی پاکستان کردە ئامانج و هۆکاری هێرشەکەشی گەڕاندەوە بۆ هەڵکوتانەسەری گرووپێکی چەکداریی بۆ سەر کۆمەڵێک گەشتیاری هیندستانی لە کەشمیر کە بەهۆیەوە 26 گەشتیار گیانیان لەدەستدا، هەرچەند پاکستان رەتی کردەوە کە دەستی هەبووبێت لەو هێرشە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەک تۆڵەسەندنەوە، فەرماندەی سوپای پاکستان بە ئامانجگرتنی چەند بنکەیەکی سەربازیی لە هیندستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "ئەو هێرشانە ئامانجدار و بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە بێ بنەمایەیە کە چوارشەممەی رابردوو هیندستان کردییە سەر خاکەکەمان".
بەهۆی شەڕی نێوان پاکستان و هیندستان کە هەردووکیان خاوەن چەکی ئەتۆمن، تاوەکو ئێستا نزیکەی 52 کەس لە هەردوو لا کوژراون و زیاتر لە 120 کەسی دیکە بریندار بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.