وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان گیانلەدەستدانی توشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە دهۆک پشتڕاست دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت؛ ئەو هاووڵاتییە تەمەنی 45 ساڵ بووە و بەهۆی بەرکەوتن لەگەڵ ئاژەڵ توش بووە.
رۆژی شەممە 10ـی ئایاری 2025، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ "دوای بوونی دوو حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە ماوەی دوو رۆژ دا لە نەخۆشخانە بەدواداچوون و پشکنینیان بۆ ئەنجامدرا".
وەزارەتی تەندروستی روونیدەکاتەوە؛ "بەداخەوە حاڵەتێکیان دوای دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی پشکنینەکان وەکو دووەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا کە هاووڵاتییەکی شیلادزێ بوو لە قەزای ئامێدی کە تەمەنی 45 ساڵە و ئافرەتی ماڵە".
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستی؛ ئەو ئافرەتە بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵ توشی تای خوێنبەربوون بووە و "دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری دهۆک، بەهۆی بوونی نیشانەکانی خوێنبەربوون و چەندین ڕێکاری چارەسەری پزیشکی، بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی بەداخەوە وەکو یەکەمین حاڵەتی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا".
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات ڕێنماییەکانی خۆ پاراستن لە تای خوێنبەربوون جێبەجێ بکەن و دەشڵێت؛ "لەکاتی هەبوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێتەرنەری ئاگاداربکەنەوە، یان هاووڵاتییانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.