دوای هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆی پاکستان بۆسەر چەند ناوچەیەکی هیندستان، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەرماندەی سوپای پاکستان پێشنیازی دەستپێکردنی گفتوگۆی هەر دوو وڵات بە ناوبژیوانی واشنتن خستە روو.
رۆژی شەممە 10ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند؛ "مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، پێشنیازی کرد، بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان پاکستان و هیندستان، بچنە سەر مێزی دانوستان".
پەیوەندی تەلەفۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ ژەنەراڵ عاسم دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری پاکستان رایگەیاند؛ وەک تۆڵەسەندنەوەی هێرشەکانی رۆژی چوارشەممەی رابردووی هیندستان، هێرشمان کردە سەر چەند دامەزراوەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتە.
هاوکات تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەیدا؛ "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە هەردوو وڵات کرد دان بە خۆیاندا بگرن و لە رێگەی گفتوگۆوە رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بدۆزنەوە".
مارکۆ رۆبیۆ داوای لە ژەنەراڵ عاسم مونیر کردووە، بۆ رێگری لە تەشەنەکردنی کێشەکانیان بە خێرایی دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هیندستان بکەن و ئامادەیی واشنتنی بۆ ناوبژیوانی نێوانیان دووپاتکردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.