Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 19:11

حكوومەتی عێراق: دڵنیایی دەدات كە دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری لەسەر مووچە ناكات

کوردستان TV
100%

راوێژكارێكی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەكات ترس و دڵەڕاوكێیان نەبێت و دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری لەسەر مووچە ناكات.

مەزهەڕ محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: پێویست بە ترس و دڵەڕاوكێ ناكات سەبارەت بە دابەشكردنی مووچە و پارەی چاودێری كۆمەڵایەتی و خانەنشینان و ئەوانی دیكە، چونكە ئەوانە بودجەی سیادین و بەهیچ شێوەیەك دەستیان بۆ نابردرێت.

راشیگەیاند: نەوت لەو نرخەی ئێستای زیاتر دانابەزێت، بەڵكو پێشبینی دەكرێت زیاتر بەرزببێتەوە، لەبەر چەند هۆكارێك، یەكێك لەوانە تێچووی بەرزی بەرهەمهێنانی نەوتە لە ئەمەریكا و ئەگەر نرخی نەوت بۆ خوار 60 دۆلار دابەزێت، ئەمەریكا زیانێكی زۆر دەكات.

هەروەها رایگەیاند: ئەمەریكا خۆی نایەوێت نرخی نەوت زیاتر دابەزێت كە لەبەرامبەردا چین سوودمەند بێت لە كڕینی نەوتی هەرزان و بەهۆیەوە ئابووری زیاتر بەرز بكاتەوە، بۆیە پێشبینی دەكەین نرخی نەوت بەرەو بەرزبوونەوە بچێتەوە.

راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتیشی: مووچە و بودجەی حاكمە پارێزراوە و بەهیچ شێوەیەك حكوومەت دەستی بۆ نابات، بەڵكو لە كاتی پێویستدا دەست بۆ پارەی دیكەی نا پێویست دەبرێت كە كاریگەری لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵك دروست ناكات.

مەزهەڕ محەمەد ساڵح دیسان گوتی: پێشتر دوو جاری دیكە هەمان دۆخی دابەزینی نرخی نەوتمان بینیوە، یەكێكیان لە كاتی شەڕی تیرۆر بوو و ئەوی دیكەشیان لە سەردەمی پەتای كۆڕۆنا بوو، لە هەردوو جاریشدا حكوومەتی عێراق دۆخەكەی بەسەركەوتوویی تێپەڕاند، بۆیە ئێستا خاوەن شارەزا و پسپۆڕییەكی باشترین بۆ ئیدارەكردنی باری دارایی وڵات.

لە چەند رۆژی رابردوو بەهۆی ململانێ ئابوورییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی ئەمەریكا و چین و سەپاندنی پێناسەی گومرگی نوێ لەنێوان هەردوو وڵات، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان نزمبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەك كە ئێستا لە نزیكی 80 دۆلارە بۆ 60 دۆلار دابەزیوە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.