سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان پێشوازى له شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، لە کۆبوونەوەكدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدراڵ کرا.
رۆژی دووشەممە 5ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە پێکهاتبوون لە ئەندامانی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی.
سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدراڵ کرا، بە تایبەتی لە بوارەکانی پشتگیریکردنی ئەو پرۆژەیاسایانەی لە بەرژەوەنديی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدان".
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، دووپات لە پێویستیی ئازادیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوولەی کاڵاکان لەنێوان هەموو ناوچەکانی عێراق و نەهێشتنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لەو بارەیەوە کرایەوە.
زیاتر روونکراوەتەوە "گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پڕۆژەى ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا و دووپات لە بەشداری و سوودمەندبوونی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق لەو پڕۆژە گرنگەدا کرایەوە".
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە؛ پێویستە ڕێز لە سیستمی فیدراڵی و دەستووری عێراق بگیرێت کە ماف و ئەرکەکانی هەر لایەکی دەستنیشان کردووە".
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا؛ "عێراق لە ڕووی مادی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگە و تەنیا پێویستی بە حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە کە ڕێز لە مافەکانی هەموو ناوچە و گشت پێکهاتەکانی عێراق بگرێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.