شێخ عیسا موحسن سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و سوپاسی گەلی كوردستانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا باوەشیان بۆ حەواندنەوە و پەنادانی سەدان هەزار ئاوارەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كردەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی ئایاری 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی عەشیرەتی ئەلبغزات سەر بە هۆزی ئەلجبور بە سەرۆكایەتیی شێخ عیسا موحسن ئەلسەبیل كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە قووڵكردنەوەی ڕۆحی لێبوردەیی و برایەتیی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق هەبوو و هەروەها سوپاسی گەلی كوردستانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا باوەشیان بۆ حەواندنەوە و پەنادانی سەدان هەزار ئاوارەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كردەوە.
هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان پێكهاتەكان و بەهێزكردنی بەهاكانی پێكەوەژیان و خۆشەویستی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق و ڕیشەكێشكردنی توندڕۆیی و نەهێشتنی كولتووری ڕق و تۆڵە كردەوە.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا مونا ئەلسەبیل ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك لە كەسایەتییەكانی عەشیرەتی ئەلبغزات ئامادە بوون.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.