پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند؛ ئەو کەسەی شەوی رابردوو تەقەی کرد و بەهۆیەوە گەنجێک کوژرا و سێی دیکە بریندار بوون، ئەمڕۆ لەلایەن پۆلیسی کەرکووکەوە دەستگیر کرا.
رۆژی شەممە 3ـی ئایاری 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک لە راگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی بکوژی گەنجەکەی گەڕەکی حووزەیرانی راگەیاند و دەڵێت؛ لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا دەستی پێ کردووە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە؛ "دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو بەهۆی کێشە و دەمەقاڵێ لە نیوان چەند کەسێک، شەر دروستبوو، بەهۆیەوە گەنجێک کوژرا وسێی دیکە بریندار بوون، پۆلیسی کەرکووک ئەمڕۆ تەقەکەرەکەی دەستگیر کرد و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە".
ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک بە هەڵۆ جەباری، پەیامنێری کوردستان تیڤی راگەیاند؛ "درەنگانی شەوی رابردوو شەڕ لەنێوان چەند گەنجێکدا روویداوە کە لەژێر کاریگەری خواردنەوەی مەی دا بوون و چەکیان بە کارهێناوە".
سەرجاوەکە گوتی؛ روداوەکە کاتژمێر 11:40 خولەکی شەو لە گەڕەکی حووزەیرانی کەرکووک روویداوە و تا ئێستا لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بەردەوامە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان تیڤی؛ یەکێک لە گەنجەکان تەقەی کردووە و فیشەک بەر سکی گەنجێکی تەمەن 18 ساڵان بە ناوی "خالید دایح جەسام" کە بە رەگەز عەرەبە، دەکەوێت و لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دەدات، هاوکات تەقەکەرەکەش رایکردووە
پۆلیسی کەرکووک بە پەیامنێری کوردستان تیڤی گوت؛ سێ گەنجەکەی دیکە کە تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 27 ساڵە و یەکێکان قوتابییە، بریندار بوون و فیشەک بەر قاچ و سکیان کەوتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.