Erbil 31°C پێنجشەممە 23 تەمووز 14:28

رۆژنامەنووسانی بێ سنوور: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خراپترین ناوچەیە بۆ کاری میدیایی

کوردستان TV
100%

رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێ سنوور راپۆرتی ساڵانەی بۆ هەڵسەنگاندنی ئازادی رۆژنامەڤانی بڵاوکردووەتەوە و لەناو خشتەی هەڵسەنگاندنەکەدا ئێران، چین، سووریا، کۆریای باکوور، ئەریترێ و ئەفغانستان لە کۆتایی ریزبەندەکەدان و عێراق بە چەند هەنگاوێک دوورتر لە 180 وڵاتی جیهاندا پلەی 165ـەمی پێ دراوە.

 

رۆژی شەممە 3ـی ئایاری 2025 رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێ سنوور راپۆرتی ساڵانەی بۆ هەڵسەنگاندنی ئازادی رۆژنامەڤانی لە جیهاندا بڵاوکردەوە و تێیدا نەرویج وەکو باشترین وڵات بۆ ئازادی رۆژنامەڤانی دەستنیشان کراوە و ئێران، چین، سووریا، کۆریای باکوور، ئەریترێ و ئەفغانستان لە کۆتایی ریزبەندەکەدان.

 

بەگوێرەی راپۆرتەکە ئەریترێ لە پلەی 180، کۆریای باکوور 179، چین 178، سووریا 177، ئێران 176 و ئەفغانستانیش لە پلەی 175ـی ریزبەندییەکەن و بە خراپترین وڵات بۆ ئازادی رۆژنامەڤانی لە جیهاندا هەژمار کراون و عێراق پلەی 155ـەمی ریزبەندەکەی وەرگرتووە.

 

ساڵی 2024 عێراق لە ریزبەندیی 180 وڵات لەڕووی ئازادی میدیایی پلەی 169ـی پێ درابوو، بەڵام ئەمساڵ چەند هەنگاوێک بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و لە پلەی 155ـەمین وڵاتانی جیهانە بۆ ئازادی رۆژنامەڤانی.

 

لە راپۆرتی رێکخراوەکەدا باس لەوە کراوە؛ راستە هێرشکردنە سەر رۆژنامەڤانان بە دیارترین پێشێلکاری بۆ مافەکانیان هەژمار دەکرێت، بەڵام لە ماوەی ساڵی رابردوودا بڕینی بودجە و کەمکردنەوەی توانا داراییەکانی میدیا یەکێکی دیکە لەو هۆکارانە بووە بۆ پاشەکشێکردنی کاری میدیایی لە جیهاندا.

 

هاوکات رۆژنامەنووسانی بێ سنوور رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەکو خراپترین ناوچە لە جیهاندا بۆ کاری رۆژنامەڤانی و میدیا وەسفکردووە و غەزەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بە مەترسیدارترین ناوچە بۆ کاری رۆژامەوانی ناو بردووە و دەشڵێت، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا وڵاتێک کە جیاوازترە بۆ کاری میدیایی قەتەرە کە لە پلەی 79ـی ریزبەندییەکەدایە.

 

لەو ریزبەندییەدا نەرویج پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و ئەمەریکا لە چاو ساڵی رابردوو دوو هەنگاو پاشەکشێی کردووە و پلەی 57ـەمی ریزبەندییەکەی گرتووە، هاوکات تورکیاش چەند هەنگاوێک پاشەکشەی لەڕووی ئازادی رۆژنامەڤانی هەبووە و لە پلەی 159ـی ریزبەندەکەدایە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.