ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 1-5-2025 بانکی ناوەندیی عێراق، نووسراوێکی ئاراستەی بانکەکانی رافیدەین، رەشید، بازرگانیی عێراقی، ئیسلامی و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردن کردووە كه ئاسانكاری بۆ گۆڕینه‌وه‌ی دراو بكه‌ن بۆ حاجییان به‌پێی نرخی فه‌رمیی كه ده‌وڵه‌ت دایناوه.
له نوسراوه‌كه‌ی بانكی ناوه‌ندیی عێراقدا هاتووه : ئاسانکاری له رێکارەکانی فرۆشتنی دۆلار بۆ حاجییان بكه‌ن، له چوارچێوه‌ی کڕینی دۆلاری تەرخانکراو بۆ گەشتیاران لەلایەن حاجییانەوە، بە بڕی دوو هەزار دۆلار بۆ هەر حاجییەک، بەپێی نرخی رەسمیی ئاڵوگۆڕی دراو، واتە بە هەزار و 320 دینار بۆ هەر دۆلارێک، بفرۆشرێت پێیان.
بانکی ناوه‌ندیی عێراق داواشدەکات، بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی رۆتین کارمەندی شایستە لە لقەکانی ئەو بانکانە دابنرێن كه دۆلار به حاجییان ده‌فرۆشن یان ده‌گۆڕنه‌وه.
له نووسراوه‌كه‌ی بانكی ناوه‌ندیی عێراق ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: پێویستە پرۆسەی فرۆشتنی دۆلار بەم میکانیزمە، سەرجەم حاجییان بگرێتەوە به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه کە لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە گەشت دەکەن بۆ سعودیه بۆ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی فه‌ریزه‌ی حه‌جی ئه‌مساڵ.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.