لەلایەن چەكدارانەوە گۆڕی حافز ئەسەد سەرۆك كۆماری پێشووتری سووریا لە پارێزگای لازقییە هەڵدراوەتەوە و لاشەكەی بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردۆتەوە: لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە گۆڕی حافز ئەسەد باوكی بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری پێشووتری سووریا هەڵدراوەتەوە كە دەكەوێتە شاری قەرداحە لە سنووری پارێزگای لازقییە.
بڵاویشی كردۆتەوە: ئێسك و پرووسكی حافز ئەسەد لەنێو گۆڕ دەرهێنراوە و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
پێشتریش لە كاتی هەڵهاتنی بەشار ئەسەد و كەوتنی رژێمەكە لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو، چەكداران چووبوونە سەر گۆڕەكەی حافز ئەسەد و ئاگریان تێ بەردابوو.
گۆڕی حافز ئەسەد دەكەوێتە شوێنێكی تایبەتی شاری قەرداحە لە پارێزگای لازقییە لە رۆژئاوای سووریا، كە گۆڕی سەرجەم بنەماڵەی ئەسەدی لێیە، یەكێك لە گۆڕەكانیش باسل ئەسەد برای بەشار ئەسەدە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.