بڕیارە ئەمڕۆ لە هاوینەهەواری دووکان شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.
رۆژی دووشەممە 28ـی نیسانی 2025 شیلان فەرەج، پەیامنێری کوردستان تیڤی کە لە شوێنی کۆبوونەوەکە ئامادەیە گوتی؛ "شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی لە هاوینەهەواری دووکان کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەکە لە هاوینەهەواری دووکان و لە ماڵی کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی دەبێت و ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان یاوەری مەسرور بارزانی دەکەن و بە هەمان شێوەش ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی یاوەری بافڵ تاڵەبانی دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان تیڤی کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی دابەشکردنی پۆستە سیادییەکانە. بڕیاریشە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەش ئەنجامی کۆبوونەوەکە رابگەیەندرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.