ماوەی چەند رۆژێكە حاڵەتەكانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگاكانی عێراق روو لە زیادبوونن و بوونەتە جێگەی مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان، لە هەرێمی كوردستانیش تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی گوماناویش تۆمار نەكراوە.
تای خوێنبەربوون (Viral Hemorrhagic Fevers) نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، تووشبوو ئەگەر بەپەلە چارەسەر نەكرێت دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.
ماوەیەكە رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەكە لە عێراق زیادی كردووە و چەندان پارێزگای گرتووەتەوە، بەتایبەت لە پارێزگاكانی زیقاڕ، موسەنا، دیوانییە، نەینەوا و كەركووك تووشبوونی حاڵەتەكان تۆماركراوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كەركووك بڵاوی كردەوە كە چوار تووشبووی نوێی تای خوێنبەربوونیان لە سنووری پارێزگاكە تۆماركردووە.
لای خۆشییەوە سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند كە لەسەرەتای 2025ـەوە تا ئێستا ئەمە 19ـەمین حاڵەتی تووشبوونی نەخۆشییەكە كە بەشێوەی فەرمی تۆماركراون.
ئاماژەی بەوەش دا كە دوو حاڵەتی گیانلەدەستدانیش بەهۆی نەخۆشییەكە تۆماركراوە كە یەكێك لە حاڵەتەكان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بووە لەسنووری پارێزگای كەركووك كە فەرمانبەرێكی وەزارەتی تەندروستی بووە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق دابەشبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی لەسنووری پارێزگاكان بەمشێوەی خوارەوە دیاری كرد:-
پارێزگای زیقاڕ 7 حاڵەتی تووشبوون
پارێزگای كەركووك 4 حاڵەتەی تووشبوون
پارێزگای موسەننا 3 حاڵەتی تووشبوون
پارێزگاكانی (بەغدا، میسان، واسیت، بەسڕە، نەینەوا) هەریەكە حاڵەتێكی تووشبوون تۆماركراوە.
لای خۆشییەوە سامان بهرزنجی وهزیری تهندروستی ههرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا رایگەیاند كە هیچ حاڵهتێكی تای خوێنبهربوون له شارهكانی ههرێمی كوردستان تۆمار نهكراوه. جەختیشی كردەوە كە تهنانهت حاڵەتی گومانلێكراویش نییه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.