بەشێك لە زانایانی زانكۆی (كامبرێج) بە پشتبەستن بە چەند بەڵگەیەكی زیندوو گەیشتوونەتە ئەو بۆچوونەی كە ژیان لەسەر هەسارەیەكی دیكە لە گەردووندا جگە لە زەوی بوونی هەیە.
زاناكان لە رێگەی تەلیسكۆبی جەیسم وێب (JWST) ماوەی 18 مانگە بە وردی چاودێری هەسارەیەكیان بەناوی (K2-18b) كردووە كە 124 ساڵی رووناكی لە زەوییەوە دوورە.
زاناكان لە چاودێرییەكەدا تێبینی بوونی گەردیلەی كیمیاوییان لە بەرگە هەوای هەسارەكە كردووە، ئەم گەردیلانە تەنیا لەو هەسارانە دەبینرێن كە زیندەوەر و سەوزایی و بەكتریایان تێدا هەبێت.
نیكۆ مادۆسودان كە سەرۆكی تیمی پشكنینەكەیە رایگەیاند: لە كاتی بەدواداچوونەكانمان تووشی شۆك بووین كاتێك ئەم رێژەی زۆرەی گەردیلەكانمان لە بەرگەهەوای هەسارەكەدا بینی.
راشیگەیاند: تیمەكەمان لە پشكنینەكان ئێستا گەیشتووەتە ئاستی سیگما 3 (99.7%) لەسەر بوونی ژیان لەسەر هەسارەكە، بەڵام دەبێت ئەم رێژەیە بۆ ئاستی سیگما 5 (99.9999%) بەرز بكەینەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین ژیان هەسارەی دیكەی گەردوون هەیە.
هەروەها رایگەیاند: لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا زانیاری تەواو لەسەر هەسارەكە كۆدەكەینەوە و بەفەرمی دەیسلەمێنین كە ژیان لەسەر هەسارەكە بوونی هەیە یاخود نا.
زانیاری لەسەر هەسارەی (K2-18b):
قەبارەی هەسارەكە 2.5 هێندە لە قەبارەی زەوی گەورەترە، 124 ساڵی رووناكی لە زەوییەوە دوورە (واتە بە نزیكەیی 700 تریلیۆن میل)، هەسارەكە بە دەورری ئەستێرەیەكی بچووكی ڕەنگ سووردا دەسوڕێتەوە، بەرگە هەوای هەیە و پێشبینی دەكرێت ئاو و شلەمنیش لەسەر ئەرزەكەی بوونی هەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.