Erbil 11°C سێشەممە 15 نیسان 19:13

سەرۆک بارزانی لە یادی ئەنفال: تاوانباران كەوتنە زبڵدانی مێژوو بەڵام ئاسەواری ئەو زوڵمە هێشتا ماوە

کوردستان TV
100%

سەرۆک بارزانی لە یادی تاوانی ئەنفالدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت؛ دەبێ دەوڵەتی عێراق قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە.

 

رۆژی دووشەممە 14ـی نیسانی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە 37ـەمین ساڵیادی ئەنفال پەیامێکی بڵاوکردەوە و بە پێویستی زانی دەوڵەتی عێراق قەرەبووی ئەو تاوانە بکاتەوە بەرامبەر کورد ئەنجامدراوە و رایگەیاند؛ "پێویستیشە ڕێگە لە هەموو جۆرە تێروانین و سیاسەت و كردەوەیەكی شۆڤینی لەدژی خەڵكی كوردستان بگیرێت".

 

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی لە 37 ساڵەی تاوانی ئەنفال

 

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

پڕۆسەی ئەنفال بەشێكی ئەو ستەم و تاوانانە بوو كە لە سەدەی رابردوو لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق گەلەكەمان ئەنجام درا. لە ئەنجامی ئەو پڕۆسە نامرۆڤانەیەدا كە بە چەند قۆناغ هەموو ناوچەكانی كوردستانی گرتەوە، 180 هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی كوردستان بێسەروشوێن و شەهید كران. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا كیمیابارانكردن و سیاسەتی بەعەرەبكردن و راگواستن و تێكدانی ژێرخانی ئابووریی كوردستان و وێرانكردنی هەزاران گوند بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوون كە لە سەدەی رابردوودا لەلایەن رژێمی عێراق لەبەرانبەرگەلەكەمان ئەنجام درا.

 

تاوانباران كەوتنە زبڵدانی مێژوو بەڵام برین و ئاسەواری ئەو جینۆساید و زوڵمە هێشتا ماون و سارێژ نەكراون. دەبێ دەوڵەتی عێراق قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە. هەروەها پێویستیشە ڕێگە لە هەموو جۆرە تێروانین و سیاسەت و كردەوەیەكی شۆڤینی لەدژی خەڵكی كوردستان بگیرێت. لە 37 ساڵەی یادی خەمناكی ئەنفالدا باشترین وەفا بۆ شەهیدانی ئەنفال ئەوەیە هەموومان لە خزمەتكردن و پاراستنی وڵاتمان یەكدەنگ بین و پێكەوە داهاتوویەكی گەش بۆ گەلەكەمان بنیات بنێین.

 

سەربەرزی بۆ خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفال، هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.