ئەمڕۆ 17یەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب لە لایەن سەرۆک مەسعود بارزانی کرایەوە و بڕیارە پێشانگاکە تاوەکو 19ـی ئەم مانگە بەردەوام بێت.
رۆژی چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025 سەرۆک مەسعود بارزانی 17یەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێبی کردەوە، ئەم ساڵ پێشانگاکە لەژێر ناونیشانی "جیهان بە کوردی دەدوێت" بەڕێوەدەچێت.
دوای کردنەوەی پێشانگاکە، سەرۆک بارزانی بە یاوەری فەخری کەریم، سەرۆکی دەزگای مەدا، پارێزگاری هەولێر، وەزیری رۆشنبیری و ژمارەیەک نووسەر و کەسایەتی دیکە، بەشێک لە ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەشداربوو لە پێشانگاکەی بەسەرکردەوە.
پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر ساڵانە بەڕێوەدەچێت و دامەزراوەی مەدا بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری و هونەر، بە چاودێری سەرۆک مەسعود بارزانی و بە هاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبات.
ئەم ساڵ 350 خانەی بڵاوکردنەوە لە 22 وڵاتانی عەرەبی و جیهانییەوە لە پێشانگاکەدا بەشداریی دەکەن کە بەشێکیان لە وڵاتانی دراوسێ و مەغریبی عەرەبی و وڵاتانی کەنداوەوە هاتوون و بۆ یەکەمجارە بەشداریی ئەم پێشانگایە دەکەن.
ناونیشانی ئەمساڵی پێشانگاکە "جیهان بە کوردی دەدوێت"ـە و وەک پێزانینێک بۆ زمانی کوردی و ئەو هەوڵە بەرفراوانەی لە وەرگێڕانی کتێبە جیهانییەکان بۆ سەر زمانی کوردی دەستی پێکردووە، هەروەها وەک پاڵپشتییەک بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی لەلایەن گوگڵەوە.
هاوکات، بە درێژایی رۆژانی پێشانگاکە چەندین پانێڵ و دیبەیتی رۆشنبیری لەبارەی وەرگێڕان و زمانەوە بە بەشداری رۆشنبیران و شارەزایانی کورد و عەرەب بەڕێوەدەچن، لەگەڵ چەند وۆرکشۆپێک لەسەر دۆخی کتێب و گەشەی پیشەسازی بڵاوکردنەوە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی بڵاوکەرەوە و کتێبخانەکانی عێراق دەبێت.
هەر لە چواچێوەی چالاکییەکانی پێشانگادا بە بەشداری نوسەرانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی و جیهانی، گفتوگۆی رۆشنبیری و کولتووری جۆراوجۆر، لەگەڵ چالاکی خوێندنەوەی شیعرو واژۆکردنی کتێبە نوێیەکان ئەنجام دەدرێت، کە ئەم چالاکییانە بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق دەبن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.