بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری تەندروستی بۆ دەربڕینی هاوخەمی و بەشداربوون لە پرسە و ماتەمینی و هەروەها لە نزیکەوە ئاگاداربوون لەڕەوشی خانەوادەیان، سەردانی ماڵی خوالێخۆشبوو پزیشکی جوانەمەرگ د. قەحتان جیهاد سورچی كرد.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە گوندی گەرمک لە شارەدێی بجیل سەر بە شارۆچكەی ئاکرێی چووە سەر گۆڕ و ماڵ و پرسەی د. قەحتان جیهاد سورچی.
د. قەحتان لە کاتی دەوامی ئێشکگری و ئەرکی فەرمی و گەیاندنی نەخۆش، لە دوو ڕووداوی دڵتەزێنی هاتوچۆی یەک لەدوای یەکی ئەمبوڵانسی نەخۆشخانە و دواتر وەڕگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بۆ گواستنەوەی هەمان بریندارانی ڕووداوەکە، لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆر گیانی لەدەست دا.
وەزیری تەندروستی لە سەردانەكەیدا پەیامی هاوخەمی و دڵگرانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندە باوک و برا و خانەوادە و کەسوکار و دۆستانی خوالێخۆشبوو.
لای خۆشییانەوە باوک و کەسوکاری خوالێخۆشبوو زۆر بە گەرمی سوپاسی هەڵوێستی دڵسۆزانەی سەرۆكی حكوومەتیان بۆ سەرەخۆشی پزیشکی جوانەمەرگ دەربڕی و ستایش و سوپاسی خۆیان و خانەوادەیان بۆ ئەم پرسینەوەیە نواند.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.