Erbil 27°C سێشەممە 01 نیسان 14:38

سەرۆك بارزانی پەیامێك لەبارەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكەی نەورۆز لە كۆڵن بڵاو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

سەرۆك بارزانی پەیامێك بەبۆنەی بەشداریی بێ وێنەی كوردان لە ئاهەنگی نەورۆز لە كۆڵن لە وڵاتی ئەڵمانیا بڵاو دەكاتەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە گردبوونەوەی خەڵكێكی زۆر لە ئاهەنگەكەدا ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ توانا و زیندوویەتی ڕەوەندی كوردی لە دەرەوەی وڵات.

سەرۆك بارزانی هەر لە پەیامەكەیدا دەڵێت "هەرچەندە لە ئاهەنگەكەدا دەستێكی نائەمین هەوڵی تێكدان و نانەوەی ئاژاوەی دا، بەڵام دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی بەشداربووان ڕێگەی بەوە نەدا ئەو هەوڵانە سەر بگرێت".

دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی:-

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جێگەی خۆشحاڵییە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی كورد بە جۆش و خرۆشێكی بێ وێنە بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری (كۆڵن)ـی ئەڵمانیا كرد.

بەشداریی ئەو ژمارە زۆرەی كوردستانیانی خۆشەویست و شوێنكەوتووانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری لەم گردبوونەوەیەدا ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ توانا و زیندوویەتی ڕەوەندی كوردی لە دەرەوەی وڵات و سەلمێنەری ئەوەشە كە ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە دەرەوەی وڵات هێزێكی گەورە و هەمیشە ئامادەن بۆ پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە ناوەندە جیهانییەكان و لەناو ڕای گشتیی جیهانی.

هەرچەندە لە ئاهەنگەكەی شاری كۆڵن دەستێكی نائەمین هەوڵی تێكدان و نانەوەی ئاژاوەی دا و لە ڕووماڵكردن ویستیان پەیامی گردبوونەوە جەماوەرییەكەی نەورۆزی (كۆڵن) بەلاڕێدا ببەن، بەڵام دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی بەشداربووان ڕێگەی بەوە نەدا ئەو هەوڵانە سەر بگرێت و لەو ئاهەنگەدا ڕێبازی دڵسۆزی بۆ وڵات و كوردستانیبوون سەركەوت.

لێرەدا سوپاسی تاك تاكی ئەو خۆشەویستانە دەكەم كە بە جۆش و خرۆشی كوردانە و بە ڕۆحێكی نیشتمانپەروەرانە پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلەكەیان لەو گردبوونەوە پڕشكۆیەدا بە جیهانیان گەیاند و دەستخۆشیان لێ دەكەم.

هیوادارم هەمیشە لە خۆشی و جەژن و شادیدا بن، سڵاو لە هەموو خەباتگێڕان و ئازادیخوازان و دڵسۆزانی كورد لە هەر شوێنێكی جیهان بن.

مسعود بارزانی

23ی ئاداری 2025

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.