وەزارەتی ناوخۆی توركیا ئەمڕۆ یەكشەممە بڕیاری دوورخستنەوەی ئەكرەم ئیمامئۆغلۆی لە پۆستی سەرۆكی شارەوانی ئەستەنبۆڵ دەركرد دوای ئەوەی بە تۆمەتی گەندەڵییەوە خرایە زیندانەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانی ئەستەنبۆڵ لەگەڵ چەندان كەسێكی دیكە بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵییەوە دەستگیر كران دوای ئەوەی داواكاری گشتیی توركیا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردبوون.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە: بڕیاردرا بەشێوەی كاتی ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ لە پۆستەكەی وەك سەرۆكی شارەوانی ئەستەنبۆڵ دووربخرێتەوە.
بڵاویشی كردبووەوە: ئیمامئۆغلۆ بەهۆی ئەنجامدانی چەند تاوانێك دەستگیركراوە، لەوانە دەستكاریكردنی زانیاری كەسی، وەرگرتنی بەرتیل، دەستكاریكردنی بەخشین بە دامەزراوە و رێكخراوە گشتییەكان، دامەزراندنی رێكخراو بۆ ئەنجامدانی تاوان.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا ئاماژەی بەوەش دا كە بەپێی دەستوور و یاسای شارەوانییەكان، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی ئیمامئۆغلۆ بەشێوەی كاتی.
دوای دوورخستنەوەی ئیمامئۆغلۆ، چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرۆكی شارەونییەكی دیكە بۆ ئەستەنبۆڵ دیاری بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.