بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان گرتنی 16 تۆمەتبار و دەست بە سەرداگرتنی 82 کیلۆ مادەی هۆشبەری راگەیاند و رایدەگەیەنێت، لە بەغدا و مووسڵیش دەستیان بەسەر تۆنێک و 170 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە.
رۆژی چوارشەممە 25ێ ئاداری 2025 بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە راگەیەنراوێکدا چالاکییەکانی دوو هەفتەی رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان و بەشەکانی تری سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییە لە دهۆک و زاخۆ، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، ژمارەیەک بازرگان دەستگیربکران کە کاری گواستنەوە و مامەڵەکردنیان بەماددەی هۆشبەرەوە دەکرد کە ژمارەیەکیان هاووڵاتی وڵاتانی دراوسێن".
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، دەست بەسەر 22 کیلۆ و 940 گرام کریستاڵ، کیلۆیەک و 440 گرام هێرۆین، 50 کیلۆ حەبی ترامادۆڵدا گیراوە و هاوکات تۆڕێکی بازرگانی "کریستاڵی شل" هەڵوەشێنراوەتەوە و دەست بەسەر حەوت کیلۆ و 620 گرام کریستاڵی شلدا گیراوە.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ،مادە هۆشبەرەکان بڵاویکردووەتەوە؛ "تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەستیان بەسەر 45 کارتۆن دەرمان و حەبی ماوە بەسەرچوودا گرتووە کە بە شێوەی قاچاخ و نایاسایی هێنرابوونە هەرێمی کوردستان.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە روونی کردووەتەوە؛ "لە دوو چاڵاکی دیکەدا کە بەرێوەبەرایتی نەهێشتنیی ماددەهۆشبەرەکان رۆڵی گرنگی تێیدا هەبوو، توانرا دەست بەسەر هەزار و 100 کیلۆگرام، واتا تۆنێک و سەد کیلۆگرام حەبی کپتاگۆن لەشاری بەغدا و 70 کیلۆگرام حەبی کپتاگۆن لە مووسڵ بگرێت".
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، " بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان دۆسیەی تاوان بۆ سەرجەم دەستگیرکراوان کراوەتەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.