ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری کاتیی سووریا دەستووری نوێی وڵاتەكەی بۆ قۆناغی ڕاگوزەر پەسەند کرد کە بەپێی ڕەشنووسەکە ئەم دەستوورە بۆ ماوەی 5 ساڵ کاری پێ دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دەستووری نوێی سووریا کە لەلایەن لیژنەی نووسینەوەی دەستوورەوە ئامادەکراوە و پێشکەش سەرۆکایەتیی سووریا کرا، پەسەند کرا.
بەپێی دەستووری نوێ ناوی سووریا وەک خۆی هێڵراوەتەوە بە ناوی (کۆماری عەرەبیی سووریا) و ئایینی ئیسلام وەک ئایینی سەرەکی لە سووریا دیاری کراوە و کراوەتە سەرچاوەی سەرەکیی یاسادانان لەو وڵاتە.
لە دەستووری نوێی سووریا هاتووە: پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانان و سەرۆک کۆماری سووریاش دەسەڵاتی جێبەجێکردنی دەبێت، تەنیا پەرلەمانیش دەسەڵاتی دوورخستنەوەی سەرۆک کۆماری دەبێت.
لە ڕەشنووسەکە ئەوەش خراوەتەڕوو: جەخت کراوەتەوە لەسەر دەستەبەرکردنی ئازادییە سەرەتاییەکان لەوانە؛ ئازادی بیروڕا دەربڕین، ڕۆژنامەگەری، ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە، هەروەها داننان بە مافی خاوەندارێتی موڵک و مافەکانی ژنان بۆ بەشداریکردن لە کار و خوێندن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.