سەرۆك كۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر سەبارەت بە شەڕ و گرژییەكانی چەند رۆژی رابردووی وڵاتەكە رایگەیاند، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ لە سووریا دروست ببێت، بەڵام ئەوان رووبەڕووی هەموو ئەو هەوڵانە دەبنەوە.
ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر ئەمڕۆ یەكشەممە لە وتارێكدا گوتی: بە پشتیوانی لایەنی دەرەكی هەوڵ دەدرێت سووریا بخرێتە نێو شەڕێكی ناوخۆوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە سووریا بەیەكگرتوویی دەمێنێتەوە و رووبەڕووی هەموو ئەو هەوڵانە دەبێتەوە كە درز دەخاتە نێو یەكێتی نیشتمانی و سەقامگیری وڵاتەوە.
گوتیشی: رژێمی پێشوو برینی قووڵی لە جەستەی سوورییەكان دروست كردووە، بەڵام ئێمە دەبێت بەهێز بین و رووبەڕووی ئەو هەوڵانە ببینەوە كە وڵات بەرەو ناسەقامگیری و شەڕی ناوخۆیی دەبات.
جەختیشی كردەوە كە هەر کەسێک دەستی بە خوێنی خەڵکی سڤیل سوور بووبێت و رووبەڕووی دەوڵەت بووبێتەوە، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەن و توندترین سزایان بەسەردا دەسەپێنن.
ئاماژەی بەوەش دا كە هیچ بژاردەیەك لەبەردەم ئەندام و لایەنگرانی رژێمی پێشووی بەشار ئەسەد نییە، تەنیا چەكدانان و خۆبەدەستەوەدان نەبێت.
لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەكانی حكوومەتی نوێی سووریا و چەكدارانی پێكهاتەی عەلەوی لە شارە كەناراوییەكان بەتایبەت لە لازقییە و تەرتووس و جەبلە چەند ناوچەیەكی دیكە دروستبووە.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ سەبارەت بە ژمارەی قوربانییەكان بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانی چەند رۆژی رابردوو رایگەیاند، 1018 كەس كوژراون، لەنێویاندا 830 هاووڵاتی سڤیل هەیە.
رۆژی هەینی رابردوو ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر لیژنەیەكی تایبەتی سەربەخۆی لە 7 دادوەر پێكهێنا بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری سەرهەڵدانی گرژییەكان، بڕیاریشە ئەو لیژنەیە لە ماوەی مانگێكدا راپۆرتێك پێشكەش بە سەرۆك كۆمار بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.