ئهمرۆ شهممه 8ی ئاداری 2025 دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی ڕایگەیاند: دوو تۆمەتباری تری دۆسیەی دزیی سەدە لە کوهیت دەستگیر کران و ڕادەستی عێراق کرانەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی ئاشکرای کرد، هەوڵە نیشتمانییەکان بووە هۆی ئەوەی عێراق، دوو تۆمەتباری تری دۆسیەی دزیی سەدە لە وڵاتی کوەیت وەربگرێتەوە و بیانگەڕێنێتەوە بۆ عێراق.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوو کەسەکە یەکێکیان بەڕێوەبەری کارگێڕیی یەکێک لە کۆمپانیا تایبەتەکان بۆ بازرگانی و گرێبەستی گشتی سنووردار بووە، ئەوەی دیکەیان بریکاری بووە، هەردووکیان تۆمەتبارن لە دۆسیەی دزینی داهاتی باجی وڵات.
دەستەی دەستپاکی ڕوونی کردەوە، ڕێکارەکانی دۆزینەوە و گەڕانەوەی تۆمەتباران، بەم شێوەیە بوو؛ سەرەتا فایلی تۆمەتبارەکان ڕادەستی داواکاری گشتیی کرا و دوای بەدواداچوون و هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەنێویشیاندا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆ و هەوڵەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە کویەت، هەڵمەتی گەڕان بە دوای تۆمەتباران لە کوەیت دەستی پێکرد و دەستگیر کران.
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی، گوتی: دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ، پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارەکان دەرکردبوو، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (11/444) لە یاسای سزادان، دوای پێداچوونەوە بە وتەی بەشێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەکە و شایەتحاڵەکان.
دزیی سەدە ساڵی 2022 و لەسەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمی ئاشكرا بوو، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە 3 تریلیۆن و 700 ملیار دینار لەو پارانەی بەناوی سپاردەی باجەکانەوە لە بانک دانراوە، لەنێوان ئەیلوولی 2021 تاوەکو ئابی 2022، بردراوە؛ بەڵام ئێستا دەرکەوتووە پارەکە و ژمارەی تۆمەتبارانیش لەوە زیاترن و سەرەتای ئەم مانگە دەستەی دەستپاکیی عێراق ناوی ژمارەیەک تۆمەتبار و بڕی ئەو پارەیەی بردوویانە، ئاشکرا کرد، کە نزیکەی شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینارە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.