Erbil 21°C چوارشەممە 02 نیسان 02:13

به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئەندامانی ئه‌نجوومه‌ن، متمانە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەنرایەوە

کوردستان TV
100%

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی ئاداری 2025، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ لێپرسینەوە لە ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نه‌ینه‌وا کۆ بووەوە . 

هه‌ر چه‌نده‌ لە کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد حاسوود ئامادەنەبوو، بەڵام عەبدوڵڵا ئەسیل نوجەیفی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکەی کرد و ئەو پرسیارانەی کە بۆی ئامادە کرابوون خوێنده‌وه‌. به‌ڵام بەهۆی ئاماده‌ نه‌بوونی ئه‌حمه‌د حاسوود، دەنگیان دا بەوەی باوەڕیان بە وەڵامەکانی ئەحمەد حاسودیش نییە .. 

یەکەم تەوەری پرسیارەکان، پەیوەندی بە بڕوانامەی خوێندنی سەرۆکی ئەنجوومەن بوو، كه‌ پرسیار دەکات ئایا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هاوسەنگی بۆ بڕوانامەکەی کردووە؟ لەسەر چ بنەمایەک ناسناوی دکتۆر بەکاردەهێنێت لە مامەڵە فەرمییەکاندا؟ ئایا لایەنی تایبەتمەند لێکۆڵینەوەی لە راست و دروستی ئەو ناسناوە کردووە؟ ئایا بڕوانامەی ئەکادیمیان پێشکێشکردووە؟

بە گوتەی ئەندامانی ئەنجوومەن، سەرۆکی ئەنجوومەن، بڕوانامەی پۆلی شەشی ئامادەیی وێژەیی هەیە، کەچی چووەتە ئۆکراینا بڕوانامەی پزیشکی ددانی بەدەستهێناوە، ئێستا خۆی وەکو دکتۆر دەناسێنێت، ئەوەش پێچەوانەی بڕیار و رێنوێنییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقە، کە نابێت دەرچووی وێژەیی لە بەشی پزیشکی بخوێنێت. بڕوانامەکەشی هاوسەنگیی بۆ نەکراوە و لە عێراق دانی پێدا نەنراوە .

تەوەرێکی دیکەی پرسیارەکان پەیوەندییان بەو سەرپێچییانەوە هەبووە، لەوانە لەسەر چ بنەما و میکانزمێک دەنگدان بە پەیڕەوی ناوخۆی داناوە، لەکاتێکدا لیژنەی راسپێردراو کارەکانی تەواو نەکردووە؟

بۆچی بەیەک پاکێج دەنگی لەسەر دراوە، بێ خوێندنەوەی بڕگە و گفتوگۆکردنی وردەکارییەکانییەوە؟

 

له‌ یەکى تەممووزى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکى 20 یەکەى کارگێڕی کرد، بەڵام هاوپەیمانیی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى، بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و لەدژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکانی بە زۆرینەى دەنگى هاوپەیمانیی نەینەواى ئایندە په‌سه‌ند کرا .

پارێزگارى نەینەوا ئامادە نەبوو واژۆ لەسەر ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانە بکات و پێیوایە بە "نایاسایی" دەرکراون.. 

بۆیە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاى نەینەوا لەدژى ئەحمەد حاسوود، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای تۆمار کرد .

هاوکات ئەو ئەندامانەی دەنگیان بە دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە داوە، هیوامان دەخواست سەرۆکی ئەنجوومەن ئامادەی دانیشتنی لێپرسینەوە بێت، بە ڕوونی و بە شەفافیەت و بەرپرسیارێتی تەواوەوە لە بەردەم ئەنجوومەن بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەی لەنێو باڵەخانەی ئەنجوومەن ئامادە بوو، نەهاتە دانیشتنەکە و دامەزراوەی چاودێری و داواکاری لێپرسینەوەی پشتگوێخست؛ ئەمەش ناچاری کردین بەردەوام بین لە ڕێکارە دەستووری و یاساییە پێویستەکان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە ناوبراو .

دواتر ، هه‌ر له‌و دانیشنتنه‌دا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئەندامانی ئه‌نجومه‌ن، متمانە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەنرایەوە .

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.