یەكێك لەو بارمتە كوژراوانەی كە چەند رۆژێك پێش ئێستا لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە رادەستی ئیسڕائیل كرایەوە، هاووڵاتییەكی جووی عێراقی بووە و لە ساڵی 1941 لە كۆمەڵكوژی جووەكانی عێراق رزگاری ببوو.
شەوی چوارشەممەی رابردوو لەچوارچێوەی رێككەوتن و گۆڕینەوەی دیلەكان، لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە چوار تەرمی بارمتەكان لەلایەن خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە گەڕێنرایەوە ئیسڕائیل، لەبەرامبەریشدا 600 دیلی فەڵەستینی ئازاد كران.
میدیاكانی ئیسڕائیل بڵاویان كردەوە: تەرمی یەكێك لەو بارمتانە پیاوێك بووە بەناوی منتەسوڕ و تەمەنی 85 ساڵ و پیشەی دارتاش بووە، هەروەها خاوەنی 5 منداڵ و 12 نەوەیە.
منتەسوڕ ناوی خۆی سەلمان بووە و هاووڵاتییەكی جووی لەدایكبووی شاری بەغدا بووە، لە ساڵی 1941 لەلایەن حكوومەتی ئەو كاتی عێراقەوە بەزۆرەملێ ناچار كراوە ئەو وڵاتە جێبهێڵێت و بچێتە ئیسڕائیل.
منتەسوڕ لە ئۆپەڕاسیۆنەكەی رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو لەلایەن چەكدارانی كەتائیبی قەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس دەستگیركراوە و بە بارمتە براوەتە غەززە.
میدیاكانی ئیسڕائیل ئاماژەیان بەوەداوە كە ئەمە یەكەمجار نییە منتەسوڕ تووشی دۆخی هاوشێوە و توندوتیژی ببێتەوە، بەڵكو لە ساڵی 1941 لە كۆمەڵكوژی فەرهوودی عێراق دژی جووەكان رزگاری ببوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.