Erbil 26°C دووشەممە 21 نیسان 21:03

نێچیرڤان بارزانی: هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى عێراقدايه‌

کوردستان TV
100%

 

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2025/2/18  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ به‌ريس ئه‌كينجى، جێگرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا و شاندێكى ياوه‌رى كرد كه‌ له‌ به‌ڕێز باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى بوارى وزه‌ پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى هاريكاريى هاوبه‌شيان له‌ بوارى وزه‌ و به‌ڕێوه‌بردنى ئاودا تاوتوێ كرا و ده‌رباره‌ى هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

هه‌ردولا هه‌مواركردنه‌وه‌ى ياساى بودجه‌ى گشتيى عێراقييان به‌ ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند كه‌ ڕێگه‌ بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان خۆش ده‌كات. له‌مباره‌يه‌وه‌ باسيان له‌ ڕێكاره‌كانى ئاماده‌كارى بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وت و سوود و لێكه‌وته‌ ئه‌رێنييه‌كانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.

نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى عێراقدايه‌ و سوود به‌ بودجه‌ى گشتيى وڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ توركيا له‌ بوارى وزه‌دا دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ خاتوو ئه‌كينجى وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵيى به‌ لێكگه‌يشتنى هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى ده‌سپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، هه‌موو پشتگيرييه‌كى توركياى بۆ پرۆسه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى دۆسييه‌ى ئاويش، خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ بوارى به‌ڕێوه‌بردنى ئاو و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى لێكه‌وته‌كانى گۆڕانى ئاووهه‌وا له‌گه‌ڵ عێراقدا نيشان دا.

چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێی بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌  كونسوڵى گشتيى توركيا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.